سەلاسی باوەجانی/ خۆکژیی ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ

22:35 - 19 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری سەلاسی باوەجانی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو لە ئاکام دا گیانی لە دەست دا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، لە رۆژانی رابردوودا، ژنێکی لاو بە ناوی \"بەهارە\" و دانیشتووی گوندی \"درەوەن\"ی \"ئیزگڵە\" سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی، بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لە دەستدانی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو ژنە بە هۆی فشاری بنەماڵەکەی بۆسەر ناوبراو بە مەبەستی جیا بوونەوە لە هاوسەرەکەی هەوڵی خۆکوژی داوە.

دەگوترێت \"بەهارە\" دوای شەش رۆژ مانەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان، بە هۆی قووڵی برینەکانیەوە و سووتانی لەڕادەبەدەری جەستەی، گیانی لە دەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٣٠ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

ئەو ئامارە رێژەییەو بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە بە سەرنجدان بە نەبوونی میدیای ئازاد و خێڵەکی بوونی کۆمەلگەی کوردەواری، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو ریژەیەش زیاتر بێت.