سەرۆكی هەرێمی كوردستان: سەردەمی سڕینەوەی نەتەوەی كورد بەسەر چووە

15:39 - 8 رێبەندان 2711
كوردپا: مەسعوود بارزانی رایگەیاند، دەبێ‌ كورد خۆی بۆ هەرچەشنە گوڕانكارییەك بەتایبەتی لە سووریەدا ئامادە بكات و ئاشكراشی كرد، بەم نزیكانە كونگرەی نەتەوەیی كوردی هەموو بەشەكانی كوردستان لە هەولێر دەبەسرێت.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانەی كونگرەی هەولێر بۆ رەوەندی كوردی سووریە رایگەیاند، \"پێویستە كورد خۆی بۆ هەر ئەگەر و گۆڕانكارییەك لە سووریە ئامادە بكات\".

ماڵپەڕی خەندان لە زاری \"مەسعوود بارزانی\"یەوە بڵاوی كردەوە، بەم نزیكانە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بە بەشداریی حیزبەكانی هەر چوار بەشەكانی كوردستان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

بارزانی روونیشی كردەووە، ئامانج لەو كۆنگرەیە بریتیە لە یەكخستنی گوتاری كورد و گەیاندنی پەیامی برایەتی و ئاشتیخوازانەی كورد بۆ عەرەب و تورك و فارس.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستە روو، \"سەردەمی حاشا كردن لە نەتەوەی كورد بەسەر چووە\".

مەسعوود بارزانی ئاشكراشی كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستێوەردانی كاروباری ناوخۆیی سووریە ناكات بەڵام ئێمە بەمەبستی چۆنیەتیی كار كردن هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی سووریە دەكەین.