سەردەشت/ کۆڵبەرێکی کورد لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکاندا بووە قوربانی

21:25 - 23 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد بەهۆی ‌تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە لە ناوچەی سەردەشت بریندار بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \"عوسمان نەبی‌پوور\" تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی \"نیوچوان\"ی سەردەشت لەگەڵ چەندین کۆڵبەری دیکە کەوتوونەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هیزانەدا بەتوندی بریندار کرا.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران رایگەیاندووە کە ئەو کۆڵبەرە کوردە پاش بریندار بوون لەلایەن ‌هێزە نیزامییەکانەوە دەستبەسەر و بەهۆی تێکچوونی باری تەندرووستی ناوبراو، رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە هەتا ئیستا ٧ کۆڵبەری کورد لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بریندار کراون و کۆڵبەرێکی دیکەش بەهۆی تەقەی ئەو ‌هێزانەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەو ئامارە ریژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵی ناوچە کوردنشیەنکانی ئیران، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.