سەردەشت/ تەقینەوەی مین گیانی هاووڵاتییەکی کوردی ستاند + وێنــە

19:15 - 25 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی ئیلام، بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سەردەشت بووە قوربانی.

بەپیی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو رێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر هاوڵاتییەک بەناوی \"ئەسغەر ئەسەدی\" لە کاتی مین هەڵگرتنەوەدا لە کوێستانەکانی \"دووپەزە\"ی ناوچەی سەردەشت بە توندی بریندار و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی \"بانقەڵان\"ی شاری ئیلام بووە کە ماوەی پێنج ساڵە وەکوو فەرمانبەری ئیدارەی مین هەڵگرتنەوە، کاری کردووە.

\"16832.jpg\"
ئەسغەر ئەسەدی لە کاتی مین هەڵگرتنەوەدا لە کوێستانەکانی \"دووپەزە\"ی ناوچەی سەردەشت بە توندی بریندار و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی گیانی لەدەست دا
هەروەها سەرەتای ئەم مانگە فەرمانبەرێکی دیکەی ئیدارەی مین هەڵگرتنەوە بەناوی \" مەهدی کەبوودی\" خەڵکی شاری کرماشان، بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دا.

بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ساڵی ٩١ی هەتاویدا لە وڵاتی ئێران بە گشتی ١٩ فەرمانبەری دەزگای مین هەڵگرتنەوە بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و ٤٠ کەسی دیکەشیان بریندار بوون.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە لە ماوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا، لە وڵاتی ئێران سەرجەم ٥ هاوڵاتیی مەدەنی بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و ٨ کەسیش بریندار بوونە.

ئەو ئامارەی دەزگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ٩١ی هەتاویدا، تەنیا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ٢٠ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و ٢٠ هاووڵاتی دیکەش بریندار و کەمئەندام بوونە.