سـەراوی روانســەر وشک بـوو + وێنـــە

22:16 - 15 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە شوێنە سروشتی و گەشتییارییەکانی شاری روانسەر و هەروەها سەرچاوەی چۆمی \"قەرەسوو\"، بەهۆی وشکە ساڵی‌یەوە وشک بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دابەزینی رێژەی باران بارین لەماوەی ساڵانی رابردووداو هەروەها کەمتەرخەمیی بەرپرسان، وشکبوونی سەراوی روانسەری لێکەوتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند، بەرپرسانی ئەوشارە سەرەڕای ئەوە کە لە دابەزینی رێژەی باران بارین لەماوەی ساڵانی رابردوودا ئاگاداربوون، هیچ چەشنە هەوڵێکیان بۆ قەرەبووکرنەوەی ئاوی ئەو سەراوە نەداوە.

ئەم شوێنە گەشتیارییە کەلە نێوەراستی شاری روانسەر هەڵکەوتووەو لە لایەکی دیکەوە بە هۆی نزیکبوونی لەچەندین ئاسەواری مێــژووی وەک \"گۆڕ دەخمە\" و \"بەردی زەنگی\"، بۆتە هۆی ئەوە کە لە بواری گەشتووگوزارییەوە بایەخێکی تایبەتی هەبێت.

سەراوی روانسەر کە وەکوو سەرچاوەی رووباری قەرەسووش بە ئەژمار دێت، ئاوی ٦ هەزار هێکتار لە زەوەییە کشت و کاڵییەکانی شاری روانسەر دابین دەکات.

شاری روانسەر بە حەشیمەتی زیاتر لە ٤٥ هەزار کەس، لە باکووری رۆژئاوای کرماشان و لە بناری کێوی شاهۆ هەڵکەوتووە.
\"14412.jpg\"

\"14413.jpg\"

\"14414.jpg\"