سەدان هاووڵاتیی مەدەنیی خەڵکی سووریە رفێندران

19:26 - 29 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٢ رۆژی رابردوودا بە سەدان هاووڵاتیی مەدەنیی خەڵکی سووریە لەلایەن هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنانەوە رفێندران.

رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە گوندنشینانی شیعە و سوننە، کە زۆربەیان ژن و منداڵی خەڵکی سووریە پێکی دێنن، لەلایەن هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنانەوە رفێندراون.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە کە حیزبوڵڵای لوبنان بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی دروستکراوی ئێرانی، سەرەکی‌ترین رۆڵی لە سەرکوت و کوشتنی هاووڵاتییانی سووریەدا هەیە و ئەو کارەش لەسەر داوای ئەرتشی حکوومەتی ئەو وڵاتە ئەنجام ئەدرێت.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی \"شرق الاوسط\" بڵاوی کردەوە، لە درێژەی گرژییەکانی وڵاتی سووریە رۆژی شەممە دەیان کەس لە چەکدارانی حیزبوڵلای لوبنان لە ناوچەی \"القصیر\" لە رۆژاوای شاری \"حومس\" بە دەستی هیزەکانی ئەرتشی ئازادی سووریە کوژراون.

ئەو رۆژنامەیە ئەوەشی خستۆتە روو کە هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بە مەبەستی گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراوەکانی رۆژی هەینی کە بەدەستی ئەرتشی ئازادی سووریە کوژرابوون، هاتبوونە ئەو ناوچەیە.

ئەرتشی ئازادی سووریە هەتا ئێستا بە دەیان جار رایگەیاندووە کە رێژەیەکی بەرچاوی لە هێزەکانی سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنانی دەستبەسەر کردووە.

رفاندنی ئەو هاووڵاتییانە لە کاتێک دایە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی حیزبوڵڵلای لوبنان، گروپێکی شێوە نیزامییان بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی \"بەشار ئەسەد\" بۆ پاش رووخانی حکوومەتی ئێستای سووریە دامەزراندووە.