سێ کۆڵبەری کورد لە ورمێ و بانە دەسبەسەر کران

12:43 - 7 پووشپەڕ 2720

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئەرسەلان ناتۆش" لە ناوچەی "جەرمی" سەر بە بەخشی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، درایە بە دەسرێژی گولـلەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و پاش برینداربوونی لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندی "زەنگلانـ"ـی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێیە کە لاقی بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکراوە و لە بێهداریی زیندانی ورمێ خەوێندراوە.

هەروەها، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "قابیل مەرجانی ‌ڕاد" خەڵکی گوندی "ئەلی" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری ورمێ بە تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دابوو، دەسبەسەر و بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی "سەید میلاد موعەتەری" خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن ‌‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە لە بەرزاییەکانی سنووری "هەنگەژاڵـ"ـی بانە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگویزرابوو.

ئەو سێ کۆڵبەرە کوردە بە تۆمەتی "بەزاندنی سنوور بە شێوەی نایاسایی" تاوانبار و دەسبەسەر کراون.