سێ کۆڵبەری کورد لە سنووری ورمێ کوژران و بریندار بوون

17:39 - 8 پووشپەڕ 2720

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری ورمێ، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانیان دایە بە دەسڕیژی گوللـە و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانە، دوو کوڵبەر کوژران و کۆڵبەرێکی دیکەش بریندار بوو.

"سالم سلێمان ‌‌نژاد" کوڕی "سلێمان" خەڵکی شاری سیلوانا و "تەیب" خەڵکی ناوچەی شەپیرانی سەڵماس گیانیان لەدەست داوە؛ هەروەها شوناسی کۆڵبەری پێکراو، "داوود مەجیدیان" کوڕی "محەممەد سەلیم" خەڵکی شاری سیلوانا ڕاگەیەندراوە.

"سالم سلێمان ‌نژاد" تەمەن  ٢٧ ساڵ و باوکی منداڵێکی کەم تەمەنە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، ئەو ژمارە لە کۆڵبەرانی کوردیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاسای تەقەکردن، کردووەتە ئامانج.