سێ کۆڵبەری کورد لە سنووری نەوسوود بریندار کران

11:03 - 6 خەرمانان 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەرمانان، سێ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود پێکران.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو سێ کۆڵبەرە بریندارەی بە ناوەکانی: "قانع بەهرامی کوڕی لەتیف تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی سەلاسی باوەجانی، عەلی ڕەنجبەر خەڵکی گوندی میانەی مەریوان و ناجی خەڵکی گوندی وەسنەی مەریوان" ڕاگەیاندووە.

ئەو سێ کۆڵبەرە کوردە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە لە سنووری نەوسوود تەقەیان لێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕوانەی ناوەندی دەرمانیی پاوە کراون.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "جەعفەر ڕەمەزانی" کوڕی "محەممەد"، تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی سەلاسی باوەجانی، لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکرا.

هەروەها  ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "بێهرووز مورادی" کوڕی "میرزرا"، خەڵکی "تازاوا"ی سەلاسی باوەجانی، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود پێکرا.