سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی مەریوان و بانە دەسبەسەر کران

17:29 - 4 خەرمانان 2720

ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فەرزاد مورادی و نەوشیروان ڕەزایی" خەڵکی گوندی "هەڵیزاوا"ی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان پاش بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی گوڵبارانکردنی گڵکۆی شەهیدانی ژینگە لە مەریوان دەسبەسەر کردووە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شەریف ئەمینی" کوڕی "ئەحمەد" خەڵکی گوندی "شوێـ"ـی بانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.