"سۆهەیلا حیجاب"، پارێزەر و چالاکی مەدەنیی کورد، ڕەوانەی زیندانی قەرچەک کرا

13:30 - 5 جۆزەردان 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان، "سۆهەیلا حیجاب"، چالاکی مەدەنیی کرماشانی، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی قەرچەکی وەرامین کرا.

سۆهەیلا حیجاب، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد موقیسە" بە تۆمەتگەلی وەک "پڕوپاگەندە دژی نیزام، کۆبوونەوە و تەبانی، تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە، دروستکردنی گرووپی نایاسایی لە ڕاستای مافی ژنان و داخوازیی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتی"، سەرجەم بە ١٨ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

پێشتریش، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، لە بانگهێشتنامەیەکدا داوا لەو چالاکە مەدەنییە کرابوو کە ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردان خۆی بە دادگای پێداچوونەوەی تاران بناسێنێت و پاش خۆناساندنی ئەو پارێزەرە کوردە، لەلایەن مەئموورانی هێزە ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

 ئەو حوکمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، دەبێ لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە، ئەو پارێزەرە تەنیا ٧  ساڵ و ٦ مانگ بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی" زیندانی بکێشێت.

"سۆهەیلا حیجاب" ساڵی ١٣٦٩ لەدایک بووە و لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٧ لە شیراز بە تۆمەتی "لایەنگەریکردنی یەکێک لە ڕێکخراوەکانی دژبەری نیزام" دەسبەسەر کرا و پاش دادگاییەکەی بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرا. ناوبراو پاش ٥ مانگ، بە لێخۆشبوون لە زیندانی عادڵاوای شیراز ئازاد کرا.