سپای پاسداران: دڕۆنە ئینتحارییەکان دژی بنکەکانی حیزبە کوردییەکان بەکار هێنرا

11:47 - 20 خەرمانان 2721

هەواڵدەریی "تەسنیم" لە هەواڵێکدا ڕایگەیاندووە کە سپای پاسداران لە هێرشێکی ئاسمانی و تۆپخانەییدا بۆ سەر بنکەکانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لە دڕۆنە ئینتحارییەکان کەڵکی وەرگرتووە.

ئەو هەواڵدەرییە نووسیویەتی: "هێزی زەوینیی سپای پاسداران بە کەڵکوەرگرتن لە دڕۆنە ئینتحاری و ڕەزمییەکان و هەروەها تۆپخانە هوشمەند و خاڵپێکەکان، بنکە و پایگاکانی ئەو حیزبانەی بە سەرنجدانێکی زۆرەوە، کردووەتە ئامانج".

بەپێی هەواڵی بڵاوکراوەی "تەسنیم"، بۆ یەکەمجار دڕۆنە ئینتحارییەکانی سپای پاسداران دژی بنکەکانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، بەکار هێندراون.

بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خەرمانان، سپای پاسداران ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگای کوردستان، بۆردومانی ئاسمانی و تۆپباران کرد.

پاش ئەم هێرشانەی سپای پاسداران، حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران ڕایانگەیاند کە سپا لەم هێرشانەدا، شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیلی کردووەتە ئامانج و زیانێکی بەرچاوی بەر ژینگەی ئەو ناوچانە گەیاندووە.