سپای پاسداران خاکی هەرێمی کوردستان تۆپباران کرد

13:51 - 13 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژ، سپای پاسداران پاش هێرشی مووشەکی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچە شاخاوییەکان، خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقی تۆپباران کرد.

سپای پاسداران لەو تۆپبارانکردنەدا، بەرزایی کوێستانەکان، مەقەڕەکانی پێشمەرگە و شوێنی هاووڵاتییانی مەدەنیی کردووەتە ئامانج.

هەتا ئێستا زیانەکانی ئەو تۆپبارانکردنەی سپای پاسداران بڵاو نەکراوەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژ، بنکەکانی هێزی پێشـمەرگەی کوردستان لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج.

لەو هێرشە ڕاکێتییەدا زیانی ماددی بە یەکێک لە بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەیشتووە.

ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە پێشمەرگەکانی کوردستان لە سڵامەتیی تەواودان و هیچ مەترسییەکی گیانییان لەسەر نەبووە.