سپای پاسداران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

13:00 - 13 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژ، بنکەکانی هێزی پێشـمەرگەی کوردستان لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج.

لەو هێرشە ڕاکێتییەدا زیانی ماددی بە یەکێک لە بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەیشتووە.

ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە پێشمەرگەکانی کوردستان لە سڵامەتیی تەواودان و هیچ مەترسییەکی گیانییان لەسەر نەبووە.

پێشتریش ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ، تۆپخانەکانی سپای پاسداران ناوچە شاخاوییەکانی نێوان سنووری هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لە "ئالانە" کە مەقەڕی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانە، تۆپباران کرد.

ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕ، "کاوە بەهرامی" بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە وڵامی هەڕەشەکانی "محەممەد پاکپوور"، فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای پاسداران لە وتووژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان وڵامی هەر جۆرە هێرشێکی سپای پاسداران دەداتەوە".