‌سپای پاسداران بە بیانووی جادە دروستکردن خانوو و باغی هاووڵاتییانیان تێک دەدات

11:23 - 25 رەزبەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، سپای پاسداران بە بیانووی دروستکردنی ڕێگا و بان، دەستیان بە تێکدانی خانووبەرە و باغاتی دانیشتوانی گوندی "شێخ‌عەتار" لە جادەی سنە و مەریوان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پرۆژە دروستکردنی ڕێگا و بانی جادەی سنە_مەریوان، لەلایەن سپای پاسدارانەوە بووە کە ژمارەیەک خانووبەرە و باغی هاووڵاتییانیان ڕووخاندووە و تێکداوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاندووە. سپای پاسدران بە لە بەرچاوگرتنی وەرزی پاییز و هاتنی سەرما و سۆڵە، هیچ شوێنێکیان بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە خانووبەرەکەیان ڕووخاوە، دیاری نەکردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە، سپای پاسداران بە دانیشتووانی ئەو گوندەیان ڕاگەیاندووە، بەنیسبەت ڕووخانی خانووەکان و تێکدانی باغەکانتان هیچ شتێکتان بۆ قەرەبوو ناکرێتەوە.