سنە/ کۆکردنەوەی ماهوارە بووە هۆی گیان لەدەست دانی ژنێک

14:57 - 30 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە رۆژانی رابردوودا کۆکردنەوەی ماهوارە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سنە بووە هۆی گیان لەدەست دانی ژنێکی کوردی خەڵکی ئەو شارە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێکی خەڵکی شاری سنە بەهۆی کوکردنەوەی ماهوارەی هاووڵاتییان لەلایەن هێـزە ئینتزامییەکانەوە، لە سەربانی ماڵەکەیان خۆی فڕی داوەتە خوارێ و گیانی لەدەست دا.

دەگوترێت کەئەو ژنە بەمەبەستی لابردنی دیشی ماهوارەکەیان چۆتە سەربان و لە کاتی هاتنە خوارەوەدا درگای سەربانەکەی لەسەر داخراوە، کە بەو هۆیەوە و لە ترسی هێـزە ئینتزامییەکان لەسەربانی ماڵەکەیان خۆی فڕێ داوەتە خوارێ و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

ماڵپەڕە حکوومەتییەکانی ئێــران، کۆکردنەوەی ماهوارەیان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانیانەوە بە هەوڵێکی فەرهەنگی لە قەڵەم داوە، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە زۆرێک لە کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن، میدیاکان و ماهوارە رۆڵێکی گرینگیان لە پەرە پێدان فەرهەنگ و بردنەسەرەوەی ئاستی رۆشنبیریی هاووڵاتییاندا بووە.

پێشتریش پاسگای حەسەن‌ئاوای شاری سنە لە کاتی بەربەیانیداو لە کاتێکدا کە هاووڵاتییان لە خەودا بوون، چووبوونە گەڕەکی \"سپووراوا\"ی ئەو شارەو دەستیان بە کۆکردنەوەی ماهوارەی هاووڵاتییان کردبوو کە ترس و دڵەڕاوکێی هاوڵاتییانی بەدواوە بوو.

ساڵی رابردوو سپای پاسدارانی حکوموەتی ئیسلامیی ئێران لە رۆژی عاشوورادا ریوڕەسمیکیان لەژیر ناوی \"جێژنی مردنی ماهوارەکان\" بەریوە برد کە تێیدا دەیان دەستگا دیش و ماهوارەی زەوت کراوی هاووڵاتیانیان ئاگر تێبەردا.

بەپێێ بڕیارێکی هەیئەتی وەزیرانی ئیران لە ساڵی ١٣٧٣وە، بەکارهێنانی دەزگای ماهوارە لە ئێران قەدەغەیە و هەر کەس بەکاری بهێنێ بەپێی یاسای ئەو وڵاتە هەڵسوکەتی لەگەڵ دەکرێت و کەلوپەلەکانی دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

لە ئێران تەنیا ناوەندەکانی \"دەنگ و رەنگ، ئیدارەی پۆست و مۆخابرات و ناوەندە ئیتلاعاتی و هەواڵگرییەکان\" ئەو یاسایە نایانگرێتەوە و بۆیان هەیە سەتەلایت و ماهوارە بەکار بهێنن.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گەڵاڵەی کۆکردنەوەی ماهوارە لەلایەن هێزی ئینتزامیی حکوومەتەوە لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران و بەتایبەتی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەشێوەیەکی بەبڵاو رەچاو کراوە کە تەنانەت نوێنەرێکی کورد لە مەجلێسی ئێران لەم بارەوە ناڕەزایەتی دەربڕیبوو.