سنە/ فشاری ‌هێــزە ئینتزامییەکان بۆسەر هاووڵاتییانی کورد

16:35 - 24 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: هێـــزە ئینتزامییەکانی پاسگای شارەکی \"حەسەناوا\"ی شاری سنە رێژەیەکی بەرچاو دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانیان کۆکردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ هێزە ئینتزامییەکانی گەڕەکی \"کارخانە وەن\"ی شارەکی حەسەناوای شاری سنە زیاتر لە ٥٠ دەزگا و دیشی ماهوارەی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە هەژارنشینەیان زەوت کرد.

بەوتەی یەکێک لە شایەتحاڵان هێــزە ئینتزامییەکان بە زیاتر لە ٢٠ مەئموورەوە هێرشیان کردۆتە سەر گەڕەکی کارخانە وەن و سەرجەم دانیشتوانی ئەو گەڕەکە بەناچاری ماهوارەکانیان کۆکردۆتەوە.

ئەو شایەتحاڵە راشیگەیاند، هێزە ئینتزامییەکان پاش زەوت کردنی ماهوارەی هاووڵاتییان بە شێوەی نووسراوە \"بەڵیننامە\"یان لە هاووڵاتییان وەرگرتووە و پێیان رادەگەیاندوون، لە ئەگەری کەڵک وەرگرتنی دووبارەی ماهوارە، رادەستی دادگا دەکرێن.

پێشتریش هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای \"حەسەناوا\" چەندین دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانیان لەگەڕەکی \"سپووراوا\"ی شاری سنە زەوت کردبوو.