سنە/ زیادبوونی ژنانی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان و دامەزرانی کەمپی وەلانانی ماددەی هۆشبەر

17:22 - 22 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی \"بهزیستی\"ی شاری سنه دامەزراندنی کەمپی وەڵانانی مادە هۆشبەرەکان \"تایبەت بە ژنان\"ی به زەنگێکی مەترسی وەسف کرد.

بەرپرسی شۆرای هاوئاهەنگی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فارس رایگەیاندووە کە بۆ یەکەمین جار لە ئێران، کەمپی وەلانانی مادەهۆشبەرەکان لە شاری سنه تایبەت به ژنان دادەمەزرێت.

ئەو بەرپرسە رایشیگەیاندووە، \"دامەزراندنی کەمپی وەلانانی مادەهۆشبەرەکانی تایبەت به ژنان بۆ بەرگری لە پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە بووە، لە بەر ئەوەی کە خەڵکی کوردستان لە بەر هەژاری و بێکارییەوە روو لە شارەکانی دیکەی ئێراندەکەن و زۆربەیان تووشی ماددە هۆشبەراکان دەبن.

دامەزراندنی ئەم ناوەندە لەحاڵێکدایە که به \"سەلیم کەریمی پوور\" بەرپرسی شۆرای هاوئاهەنگی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مادە هۆشبەرەکان، تەنیا ٢%ی خەڵکی ئوستانی کوردستان گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان بوون.

هەر لەم پێوەندیەدا، برپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای کوردستان رایگەیاندبوو: ٢٨،٥%ی زیندانیانی ئەم ئوستانە لە پێوەندی لەگەڵ مادەهۆشبەرەکاندا لە زیندانەکاندا راگیراون.

جێگری ئیدارەی \"بێهزیستی\"ی پارێزگای کوردستان دامەزراندنی ناوەندی وەلانانی مادەهۆشبەرەکانی تایبەت به ژنان بۆ چوونەسەرەوەی رێژەی تووشبوونی ژنان و کچانی ئەم ئوستانەی به مادەهۆشبەرەکان گەڕاندۆتەوە.

بە پێی دوایین ئاماری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەکان، زیاتر لە یەک میلیۆن و ٣٥٠ هەزار تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان لە ئێراندا بوونیان هەیە، کەلە کۆی ئەو رێژەیە تەنیا ٩،٥%ی ئەو ئامارە ژنان پێکی دێنن.