سنە/ دەستبەسەر کران و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد

14:24 - 28 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: هێـزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆی سنەیان بە هۆکارێکی ناڕوون دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی \"سەرهوویە\"ی سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بەناوی \"عەلائەدین جەمشیدی\" پاش بانگهێشت کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و خۆناساندن بەو ئیدارەیە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، بنەماڵەی عەلائەدین جەمشیدی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەگەر هەواڵی دەستبەسەر کرانی رۆڵەکەیان بڵاو بکەنەوە بەرەورووی دەستبەسەری و زیندانی کران دەبنەوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە شوێنی راگیران و هۆکاری دەستبەسەر کرانی \"عەلائەدین جەمشیدی\" هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لەبەر دەستدا نییە.

دەگوترێت کە عەلائەدین جەمشیدی ماوەیەک پێش ئێستا لە کاتێکدا کە بە ماتۆڕ لە گوندی سەرهوویەوە بەرەو گوندی بێساران چووبوو، لەلایەن چەکدارانی سەربە سپای پاسدارانەوە پێشی پێ گیراو بۆ ماوەی ١٥ رۆژ بێسەروشوێن بوو کە پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئازاد کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، ٧ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی سەرهوویەی سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بەناوەکانی \"مادێح مورادی، رەحیم میرزایی، سەردار ئەحمەدی، ئازاد رۆستەمی، بەهمەن رۆستەمی، رۆژیــن رۆستەمی و جەماڵ رۆستەمی\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.