زیندانییەكی سیاسیی كورد بەهۆی نەخۆشی بۆ نەخۆشخانە راگوێزرا

14:23 - 7 جۆزەردان 2712
كوردپا: محەممەد مەهدی، زالیە زیندانیی سیاسی كوردی بەندكراو لە زیندانی رەجایی شەهری كەرەج بەهۆی نەخۆشیی سییە بۆ نەخۆشخانەی رەجایی كەرەج راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی رێپۆرتێرانی هێرانا، محەممەد مەهدی زالیە زیندانیی سیاسیی كورد و برینداری شیمیایی شەڕی ئێران و عێراق كە زیاتر لە 18 ساڵە لە زیندانەكانی ورمێ‌و رەجایی شەهری كەرەج دەستبەسەرە، بەهۆی نەخۆشیی سییە بۆ چارەسەریی بۆ نەخۆشخانەی رەجایی كەرەج راگوێزراوە.

محەممەد مەهدی زالیە هەتا ئێستا چەندین جار بۆ چارەسەریی نەخۆشییەكەی داوای ئیزنی مەرەخەسیی لە لێپرسراوانی زیندان كردووە، بەڵام بەپرسان دژایەتییان لەگەڵ ئەو داوایەی ناوبراو دەربڕیوە.

ئەم گرفتە لە ساڵانی رابردوو و ئێستاشدا بۆ زۆرێك لە زیندانییانی سیاسیی كورد لە زیندانەكان لە گۆڕێدا بووە و بەرچاوترینیان محەممەد سدیق كەبوودوەندە كە سەرەڕای ئەوەی تووشی چەندین نەخۆشی بووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەریی هەڵنەهێنراوەتەوە.