زیندانییەکی عەقیدەتی بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

17:36 - 26 جۆزەردان 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی جۆزەردان، "عەبدولسەلام مەردان"، زیندانیی عەقیدەتیی خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

حەوتووی ڕابردوو، ئەو زیندانییە عەقیدەتییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە مەزەهەبییەکان" لە لقی سێی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی کرا و حوکمەکەی هەتا ئێستا پێی ڕانەگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، "مەحیەدین تازەوارد" تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شنۆ هاودۆسیەی "عەبدولسەلام مەردان"، لە زیندانی ورمێ لە بارودۆخێکی ناڕووندایە.

عەبدولسەلام مەردان، ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، بەنیسبەت ناڕوونیی بارودۆخیەوە دەستی دابووە مانگرتن و بەو هۆیەوە، تووشی بێهێزیی جەستەیی ببوو.

‌هێزە ئەمنییەتییەکان ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کرد و ناوبراو بۆ یەکەمجار توانی لە ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانباری هەمان ساڵ، بۆ ماوەی ١٠ خولەک چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.