زیندانییەکی سیاسیی کورد پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕێندرایەوە زیندان

18:58 - 10 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕ، "محەممەد شەریف سالم"، زیندانیی سیاسیی کورد پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییە دەرمانییەکەی، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ گەڕێندرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە پاش دوو ڕۆژ لە دابڕگە لە بەندی ئەمن بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی ڕاگوێزرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی "دزێـ"ـی ناوچەی مەڕگەوەڕ، مانگی بانەمڕی ئەمساڵ، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو و بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانیی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

"محەممەد شەریف سالم" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی شێخلوو" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

دادگای ئینقلابی ورمێ، ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" و بە پشتبەستن بە مادەی ٤٩٩ی یاسای سزای ئیسلامی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری ئەو هاووڵاتییە لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ ٣ ساڵ کەم کرابووەوە و ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، ئەو حوکمە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ساڵی ٩٨، ناوبراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش چوار ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.