زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی دێزڵئاوای کرماشان مانی لە خواردن گرت

18:24 - 30 خاکەلێوه 2720

لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوە، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "ئیسماعیل موریدی" خەڵکی گوندی "قوڵقوڵە"ی شاری سەلاسی‌باوەجانی،  بەنیسبەت پێنەدانی مەرەخەسیی بێمەرج لەلایەن بەرپرسانی زیندانی دێزڵئاوای کرماشانەوە، مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ساڵی ٩٤، لەلایەن هێزەکانی سپای نەبیی ئەکرەم دەسبەسەر کرا و پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو چوار زیندانیی دیکە بە ناوەکانی "نەبی‌ئەڵڵا محەممەدی کوڕی ئەعزەم، ناسر مورادی، هیدایەت سەیدزادە و دلاوەر عەزیزی" دەسبەسەر کران.

ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە، لەلایەن دادگای ئینقلابی کرماشان بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیران و هەڵگرتنی چەک وچۆڵ" هەر کامەیان بە ١٠ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران و ئەو حوکمەش لە لقی ٩ی دادگای پێداچوونەوەی کرماشان پشتڕاست کرایەوە.

هەتا ئێستا بەهۆی دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران، "ئیسماعیل موریدی'' لە مافی مەرەخەسی و ئازادیی بێمەرەج بێبەری بووە.