زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی ورمێ هەوڵی خۆکوشتنی دا

11:28 - 25 جۆزەردان 2720

ڕۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردان، "ڕەزا خوجەستە"، زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ورمێ، لەهەمبەر "گواستنەوەی بۆ بەندی کرێکاران و لەبەرچاونەگرتنی ئەسڵی جیاکردنەوەی تاوانەکان"، ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە لە زیندانی ورمێ، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو زیندانییە سیاسییە بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی داوە و بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینی کراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو زیندانییە سیاسییە سێ مانگ پێش لە بەندی زیندانییانی سیاسیی ورمێ، بۆ خەوتنگەی سێی ئەو زیندانە ڕاگوێزرا و دواتر ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردان، بۆ بەندی کرێکارانی زیندانی ورمێ گوازرابووەوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، ئەو زیندانییە لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین جار لەمەڕ لەبەرچاونەگرتنی ئەسڵی جیاکاریی تاوانەکان، ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو، بەڵام بەرپرسانی زیندان داواکاریی ئەو زیندانییە سیاسییەیان پشتگوێ خستبوو.

"ڕەزا خوجەستە" مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و زستانی هەمان ساڵ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی ئەندامبوون لە "گرووپی ڕی ئیستارت" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

حوکمی ئەو هاووڵاتییە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی  و "تەسلیم بە ڕەئی" (تسلیم بە رای) بۆ سێ ساڵ و ٩ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرابوو.