زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی رەجایی شار ٢ ساڵ زیندانیی دیکەی بەسەردا سەپا

15:40 - 29 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: خالید حەردانی زیندانیی سیاسیی عەرەب بە تۆمەتی سووکایەتی کردن بە رێبەری نیزام، حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دوابەدوای ئەوە کە خالید حەردانی بەرەوڕووی پەروەندە سازیی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی بوویەوە و بە پێی ئەو پەروەندەیە، بە \" بێ حورمەتی و سووکایەتی کردن بە رێبەری نیزام\" تۆمەتبار کراوە.

\"16909.jpg\"
خالید حەردانی زیندانیی سیاسی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بە \"بێ حورمەتتی کردن بە عەلی خامنەیی تۆمەتبار کراوە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ \" خالید حەردانی لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری کەرەجەوە بەو تۆمەتە بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە و ئەو حوکمەی پێ راگەیەندراوە\".

ئەو زیندانییە سیاسییە رێکەوتی ٨ی رەزبەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بۆ ژووری تاکە کەسی راگوێزرا و هەتا ئێستا چەندین جار بە بیانووی جۆراوجۆرەوە پەروەندە سازیی بۆ کراوە.

خالید حەردانی کە ماوەی ١٣ ساڵە و بە بێ مەرەخەسی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج راگیراوە، بە \" رفاندنی فڕۆکەیەکی ئێرانی لە نێوان شارەکانی ئەهواز بۆ بەندەر عەبباس\" تۆمەتبار کراوە.

خالید حەردانی لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە سێدارە مەحکووم کراو و دواتر ئەو حوکمە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.