زیندانییەکی تاوانبار بە "قەتل" لە ژووری تاکەکەسی بۆ بەندی زیندانی سنە گەڕێندرایەوە

11:11 - 6 خەرمانان 2720

زیندانییەکی تاوانبار بە "قەتل" بە ناوی "مستەفا سەیفی" کوڕی "عەتا"، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "وێژەنانـ"ـی سەوڵاوا، بە دانی موڵەتی سێ مانگە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لە بنەماڵەی کوژراوەکە، لە ژووری تاکەکەسی بۆ بەندی زیندانی سنە گەڕێندرایەوە.

ئەو زیندانییە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەرمانان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو و بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانان حوکمەکەی جێبەجێ بکرێت.

"مستەفا سەیفی" ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ساڵی ٩٤، کەسێک بە ناوی "کۆسار سەیفی" کوڕی "سدیق" کە لە نزیکانی خۆی بووە، بەهۆی کێشەی نامووسییەوە کوشتبوو.

ئەو زیندانییە دواتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە "قیساس" مەحکووم  و ئەو حوکمەش لە ساڵی ٩٧دا لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابووەوە.