زیندانییەک لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا

11:51 - 21 خاکەلێوه 2721

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢١ی خاکەلێوە، حوکمی ئێعدامی زیندانییەک بە ناوی "بایەزید ڕەشیدی"، کوڕی ناجی و خەڵکی گوندی "کەلهووڕ" سەر بە ورمێ، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارەوە جێبەجێ کرا.

ئەو زیندانییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خاکەلێوە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لە سێدارەدانی، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرابوو.

بایەزید ڕەشیدی، پێشتر بە تۆمەتی "ماددە سڕکەرەکان"، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خاکەلێوە، سێ زیندانی بە ناوەکانی "ئەحەد حەبیبوەند"، کوڕی حوسێن، "سادق مەحی"، کوڕی عیسا و "محەممەد مەحموودی"، کوڕی حاجی حوسێن کە پێشتر بە تۆمەتی "ماددە سڕکەرەکان" بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران.