زیندانییەک لە زیندانی سەقز بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەست دا

11:46 - 26 جۆزەردان 2720

ڕۆژی شەممە ٢٤ی جۆزەردان، زیندانییەک بە ناوی سەید "کەماڵ حوسێنی" کوڕی سەید "جەلال"، لە زیندانی سەقز، بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی سەقز، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "١٢ کەس لە زیندانییانی دیکە لە زیندانی سەقز، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون".

سەید "کەماڵ حوسێنی" خەڵکی گوندی "زامن ئاوا"ی شاری سەقزە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانی ورمێ ڕووی لە زیادبوون کردووە و "دوکتور قەرەباغی"، بەرپرسی ئەندەرزگای بەندی ڕەواندەرمانی و بەرپرسی دامەزراوەکانی ئەو زیندانە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

پێشتریش، "حەمزە بروجنی"، بەڕێوەبەری زیندانەکانی ورمێ ڕایگەیاندبوو: "بە خۆشییەوە هەتا ئێستا هیچ حاڵەتێک لە تووشبوونی زیندانییان بە کۆرۆنا بەرچاو نەکەوتووە و زیندانەکانی پارێزگا هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن هەتا ئەمنییەتی ڕەوانی و تەندروستیی زیندانییەکان نەکەوێتە مەترسییەوە".

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لە زیندانی ورمێ وتەکانی "حەمزە بروجنیـ"ـی بەتوندی ڕەت کردەوە و وتەکانی ناوبراوی دوور لە ڕاستی زانی.