زیندانییەک بە تاوانی "قەتڵ" لە زیندانی ورمێ بە دابینکردنی دیە لە ئێعدام ڕزگاری بوو

17:56 - 16 خەرمانان 2720

دیەی زیندانییەک بە تاوانی "قەتڵ" لە زیندانی ورمێ، بە ناوی "ئیبراهیم تاقە" کوڕی محەممەد خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن خێرخوازان و چالاکانی مەدەنییەوە دابین کرا.

حەسەن تاقە برای ئەو زیندانییە لە وتووژێکدا، لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "بنەماڵەی کوژراوەکە بە وەرگرتنی ٨٠٠ میلیۆن تمەن پارەی نەختی بە لێخۆشبوونی براکەم ڕەزامەندیان دەربڕیووە و ئەم بڕە پارەیە لەلایەن خێرخوازان و چالاکانی مەدەنییەوە، دابین کراوە".

ناوبراو ڕایگەیاند: "براکەم لە پەتی سێدارە ڕزگاری بووە و پاش کۆتایی قۆناغی یاسایی و ئیداری دۆسییەکەی ئازاد دەکرێت".

ئیبراهیم تاقە لە دەمەقاڵە و شەڕێکدا، ٨ ساڵ پێش هاووڵاتییەکی دیکە کوشتبوو.

ئەو هاووڵاتییە لەلایەن دەزگای قەزایی بە قیساس (ئێعدام) مەحکووم کرابوو و هەنووکە لە زیندانی ورمێ دایە.