زیندانییانی بەندی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێ مانیان گرت

17:48 - 25 خەرمانان 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان، زیندانییانی بەندی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێ، لەهەمبەر خرابی بارودۆخی نالەباری بەندەکەیان دەستیان دایە مانگرتن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، دوای مانگرتنی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی، هێزەکانی گاردی تایبەت و حیفازەت ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر زیندانییانی سیاسی.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی گاردی تایبەت تەواوی کەرەستەی بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبییان تێک داوە و تێلێڤزیۆن و یەخچاڵی بەندەکەیان شکاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "هێزەکانی گاردی تایبەت لە بەندی زیندانییانی مەزهەبی بێڕێزییان بە قورئانی پیرۆز کردووە و پاش تێکدانی کتێبەکان لەنێو بەند کتێبی قورئانیان دڕاندووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ٤٥ زیندانیی سیاسی و مەزهەبی هەنووکە لە مانگرتندان و حیفازەت ئیتلاعات لە هەوڵدایە کە کۆتایی بە مانگرتنەکە بهێنێت.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە دووپاتی کردەوە کە زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بە ڕاگواستنەوەیان بۆ بەندی نوێ بە هۆکاری ڕێوشوێنی توندی ئەمنییەتی دژایەتییان کردووە.