٥ زیندانی لە زیندانی ورمێ مانیان گرتووە

12:08 - 27 پووشپەڕ 2720

٥ زیندانی بە ناوەکانی "هوشیار مامەند" خەڵکی گوندی "دزەی مەرگەوەڕ"، فەیسەڵ گرکاکۆر" خەڵکی شارەکی ئەلواجی ورمێ، "ئیبراهیم سەلیمی" خەڵکی گوندی "ئەورسە" لە ناوچەی مەرگەوەڕ، "ڕەشید" خەڵکی گوندی "دەزگر" لە ناوچەی مەرگەوەڕ و "ڕەحمان" کە لە ئاشپەزخانەی زیندانی ورمێ خەریکی کار بوون، دەستیان داوەتە مانگرتن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو ٥ زیندانییە سیاسییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەنیسبەت "پێنەدانی پارەی حەقدەستیان" دەستان داوەتە مانگرتن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "پاش مانگرتنی ئەو ٥ زیندانییە، سۆهرابی، بەرپرسی زیندان و موختاری دادوەری چاوەدێریی زیندان، ئەو ٥ کەسەیان بۆ (بند داخلە) ڕاگواستووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پێنج زیندانییە یەک ساڵ پێش لە (بندی داخلە) بۆ بەندی تەلاش ڕاگوێزراون و لە ئاشپەزخانەی زیندان خەریکی کاری ئاشپەزی بوون.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هۆکاری پێنەدانی حەقدەستی ئەو پێنج زیندانییان بۆ "کەمیی بودجەی زیندان، کەم‌وکوڕی لە بەشی ماڵی و دۆخی خراپی ئابووری" گەڕاندەوە.

سەرچاوەی ئاژانسی کوردپا لە زیندانی ورمێ باسی لە دۆخی نالەباری زیندانییان لە بواری ماڵییەوە کرد و ڕایگەیاند: "کارگە پیشەدەستییەکان کە سەرچاوەی داهاتێک بۆ زیندانییەکان بووە و ماوەی دوو ساڵە بە گشتیی ئەو کارگایانە هەڵگیراون و ئیزنی چاڵاکییان پێنادرێت".