١٢ زیندانی لە زیندانی ناوەندیی کەرەج ئێعدام کران

21:43 - 6 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە سەر بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ١٢ زیندانی لە زیندانیی ناوەندیی شاری کەرەج لە سێدارە دران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٢ زیندانیی بە تاوانی پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەر کە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ٦ی خەرمانان لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئێعدام کران.

ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران شوناسی ٩ کەس لە ١٢ ئێعدام کراوەکانی بە ناوەکانی \"عەلی ڕەزا مەددپوور، بەهمەن ڕەزایی، ئاڕمان بەهرامی، عەلیڕەزا ئەسەدی، موحسێن ئیسلامی، حوسێن بایرامی، مێهدی ڕۆستەمی، ئەمیرسەرخاه و عەلیڕەزا سەرخاە\" بڵاو کردوەتەوە.

ئەو ١٢ زیندانییانە، ڕۆژی چوار شەممە ٣ی خەرمانان، گواسترانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و ڕۆژی پێنج شەممە توانیان بۆ دوایین جار چاویان بە بنەماڵەکەیان بکەوێت.

١٠ کەس لەو ئێعدام کراوانە لە زیندانی ناوەندیی کەرەج و دوو کەسی دیکە لە زیندانی ناوەندی قزلحەسار بوون.

\"30714.jpg\"
عەلیڕەزا ئەسەدی
ئێعدام کردنی ئەو ١٢ زیندانییە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێشتر، ڕێپۆتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، داوای لە حکوومەتی ئێران کردبوو، حوکمی ئێعدامی ئەو ١٢ زیندانییە ڕابگرێت.

بە وتەی ڕێپۆڕتیری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە دوای بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدامی سزاگەلێکە کە هاوتایە لەگەڵ یاسا نێونەتەوەییەکان کە لە ڕیزی سزا نوێیەکانی وەک \"تێڕۆریسم، کوشتن و تەجاوز\"،دایە.

بە وتەی ئەحمەد شەهید ئەو مەسئەلەیە پێچەوانەی \"میساقە نێونەتەوەییەکانی مافی مەدەنی و سیاسیەکانە\" کە ئێران بەو ڕێکەوتنە پابەندە.

ئەحمەد شەهید دووپاتی کردەوە کە حوکمی ئێعدام لە دادگاکان کە نە تەنیا لەگەڵ ستاندارده نێونەتەوییەکان، بەڵکوو لەگەڵ یاسا نێوخۆییەکانی ئێران گونجاو نیە و ئەمەش جێگای نیگەرانیە.

ئێران پاش وڵاتی چین بە دووهەمین وڵات بە ئاژمار دێت کە ساڵانە دەیان کەس لەو وڵاتە بە تاوانی جۆراجۆر لە سێدارە دەدات.