زیندانی بەندەرعەباس؛ تەحسین پیروزی هاتە مەرەخەسی

11:48 - 21 خەرمانان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خەرمانان، تەحسین پیروزی، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی گوندی "سەردۆش" سەر بە مەریوان، لە زیندانی بەندەرعەباس هاتە مەرەخەسی.

دانی مافی مەرەخەسی بەو زیندانییە سیاسییە، بە دانانی بارمتە بووە.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، ئەمە بۆ یەکەم جارە کە هاتووەتە مەرەخەسی.

پێشتر بەرپرسانی زیندانی بەندەرعەباس لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی ئەو زیندانییە سیاسییە دژایەتییان کردبوو و هەروەها بەرپرسانی ئەو زیندانە تەنانەت لە کاتی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی "کۆرۆنا"ش، لەگەڵ مەرەخەسیی تەحسین پیروزی دژایەتییان کردبوو.

تەحسین پیروزی ساڵی ٩٨، لە زیندانی مەریوان بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو و دواتر بۆ زیندانی بەندەرعەباس دوورخرابووەوە.

دادسەرای نیزامیی مەریوان ئەو زیندانییە سیاسییەی بە تۆمەتی "سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی بەندەرعەباس مەحکووم کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە،کە لە پاسگای گوندی "سەردۆش"، سەرباز بووە، ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و بۆ لێپرسیەنەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ئیدارەیە کرابوو.