٩ زیندانی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دران

11:37 - 23 بەفرانبار 2721

ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئێران لە هەواڵێکدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بەفرانبار، باسی لە ئێعدامکردنی ٦ کەس لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کردووە.

ئەو سەرچاوە مافی مرۆییە، شوناسی دوو کەس لەو شەش کەسەی بە ناوەکانی "ئەمین سەفەری" لە بەندی ١ ساڵۆنی ٣ و سەید "پەیام مووسەوی" لە بەندی ٣ کرد.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە ئەو ٦ کەسە لە سێدارە دراوە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" بە قیساس لەلایەن دەزگایی قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە، مەحکووم کراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئێران ڕایگەیاندووە کە ماڵپەری "ڕوکنا" تەنیا باسی یەک کەسی لەو ٦ کەسە لە سێدارە دراوە کردووە.

لە لایەکی دیکەوە هەواڵدەریی مافی مرۆڤی "هێرانا" لە هەمان ڕۆژدا، لە دوو هەواڵی جیاجیادا، باسی لە سێدارەدانی ٣ کەس لە زیندانەکانی "لوڕستان و ڕەجایی شاری کەرەج" کردبوو.

ئەو هەواڵدەرییە لە زاری بەرپرسی گشتیی دادگوستەری پارێزگای لوڕستان، بڵاوی کردووەتەوە کە لە زیندانی ئەو شارە حوکمی ٢ زیندانی بە تۆمەتی "ئاگردانی پۆمپ بێنزینێک" کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس لە هێزە ئینتزامییەکان" لە ساڵی ٩٧، حوکمی لەسێدارەدانی ئەو ٢ کەس، جێبەجێ کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، هێرانا لە هەمان ڕۆژدا باسی لە سێدارەدانی پیاوێکی پێی لە تەمەن لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج کردبوو.

بەپێی راپۆرتی ئەو هەواڵدەرییە، مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٨، لە ئەنجامی شەڕ و دەمەقاڵێی نێوان دوو کەس لە فەرمانبەرانی زانکۆی ئیمام سادق، کە لە کۆتاییدا بوو بە هۆی کوژرانی بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری بەشی ئامادەکارییەکانی ئەو زانکۆیە.

ئەو سەرچاوەیە هەرچەند ئاماژەی بە شوناسی ئەو هاووڵاتییە لەسێدارەدراوە نەکردووە، بەڵام کوژرانی ئەو بەڕێوەبەری زانکۆیەی بۆ "کێشەی ماڵیی و کاری" گەڕاندووەتەوە.