رەوشی فەرهەنگ و ئەدەب و چاپەمەنیی ئیلام لە روانگەی توێژەرێكی كوردەوە

22:15 - 16 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: توێژەر و رۆژنامەنووسێكی ئیلامی، لەو باوەڕە دایە كە ئەو پارێزگایە لە مەیدانی چاپەمەنی و بەرهەمی نووسراوی هاوچەرخی كوردیدا پێگە و سەنگێكی بەرزی هەیە.

هەواڵدەریی كوردپرێس لە وتووێژێك لەگەڵ عەباس محەممەدزادە رۆژنامەنووس و توێژەری مێژووی هاوچەرخی ئێران هێندێ‌ پرسی پێوەندیدار بە رەوشی رۆژنامەنووسی، چاپ و وەشان، زمان و فەرهەنگ و ئەدەبی پاریزگای ئیلامیی هێناوەتە بەرباس.

عەباس محەممەدزاد ئاماژەی بەوە كردووە، پارێزگای ئیلام لە بواری بەرهەمی نووسراوی هاوچەرخی كوردیدا بۆتە خاوەنی سەنگ و پێگەیەكی شایستە و \"بنەماكانی وشەسازیی كوردی\" بەرهەمی نووسەر و توێژەری ناودار كامران رەحیمی كە ساڵی پار لە پێشبڕكێی كتێبی ساڵی كوردیدا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا، نیشاندەری ئەم راستیەیە.

محەممەدزادە لە وەڵامی پرسیارێكدا لەمەڕ چاپ و بڵاوكردنەوەی بەرهەمی كوردی لە ئیلام وتوویەتی: \"نووسەر، ئەدیب و توێژەران لە ئیلام و كرماشان و تەنانەت كرماشانیش لەگەڵ رەوشی خراپ و شپرزەی چاپ و وشانی كوردی بەرەوڕوون، بۆ وێنە نەدانی مۆڵەتی چاپ، نەبوونی تەبلیغاتێكی لەبار، نەكڕینی كتێب و بەرهەمەكان لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی وەك بەشێك لەو گرفتانە دێنە ئەژمار\".
\"5571.jpg\"
ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش داوە، لە حاڵی حازردا لەو هەموو بڵاڤۆكانەی كەلە ئیلام چاپ و بڵاوبنەوە، تەنیا چوار حەفتەنامەی كوردی ـ فارسی بەناوەكانی \"پەیكی ئیلام، نجوا، ویرا و قەڵاویزان\" و دوو مانگنامەی \"وریا و كۆشك\" هەركامەیان چەند لاپەڕەیەكیان بۆ زمان و ئەدەبی كوردی تەرخان كردووە كە لە بوارەكانی شێعر، كورتە چیرۆك، فۆلكلۆر و رەخنەی ئەدەبیدا چالاكن، هەرچەند خوێنەری زۆریان هەیە، بەڵام وەڵامدەری ویستی زۆری خەڵك نین.

عەباس محەممەدزادە لەمەڕ گیروگرفتی زمان و ئەدەبی كوردی لە ئیلام لەو باوەڕە دایە، كێشەكان دوو جۆرن یەكیان: لە پێوەندی لەگەڵ ئەو هەلسوكەوت و روانگە شەخسیانەوەیە كە زیاتر لەلایەن بەرپرسانی ناخۆجێیەوە رووبەڕووی بڵاڤۆكەكاندا دەكرێتەوە، وەكوو نەدانی مۆڵەتی چاپ و نەدانی ئیزنی ناونانی شوێنە گشتی و بازرگانییەكان و تەنانەت ناوی منداڵانیش بە زمانی كوردی و...
دووەم كەمتەرخی و پشت گوێ‌ خستنی دەوڵەت و \"ئیدارەی گشتیی دەنگ و رەنگی ئێران\" بە رێكار و بۆچوونی كارناسان و دلسۆزانی فەرهەنگی بۆ تەبلیغ و راگەیاندن لەبارەی زمان و ئەدەبیاتی كوردی و گرینگی نەدان بە نووسینەوەی بەرهەمەكانی رابردوود و هەروەها پشت گوێ‌ خستنی نەوەی نوێ‌ و تازە پێگەیشتوو بۆ فێربوون بە زمانی شیرینی كوردی.

محەممەدزادە لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لەمەڕ چالاكیی رێكخراوە فەرهەنگی و NGO كان وتی: \"ئێستا دوو ئەنجومەنی كوردی لە شارەكانی ئیلام و مەلەكشایی كاری فەرهەنگی دەكەن كە یەكیان ئەنجومەنی \"هانا\" و ئەوەی دیكەشیان ئەنجومەنی \"واژا\"یە كە هەر حەفتە نزیك بە چل شاعیر و نووسەری كوردی نووس بەرهە و نووسراوە نوێیەكانی خۆیان دەخوێننەوە و لەلایەن كەسانێكی وەكوو \"زاهیر سارایی، نیعمەت داوودیان، كامران رەحیمی، حەبیبوڵڵا بەخشوودە و عەباس محەممەدزادە\"ەوە لێكدانەوەیان لەسەر دەكرێت. لە درێژەدا وتیشی لە لاپەڕەی ئەدەبیی \"واژا\" كەلە حەفتەنامەی \"نجوا\" چاپ دەبێت بە زاراوەی باوی ئیلام شێعر و پەخشان، چیرۆك و فۆلكۆر بڵاو دەكەینەوە و شانبنەشانی ئەمەش بۆ رەخنە و توێژینەوەی ئەدەبی، فەرهەنگ و كۆمەڵایەتی و مێژوویی گرینگی بە زاراوەی سۆرانی دەدەین.

\"5572.jpg\"
ناوبراو لە درێژەدا گرینگیی ئەو دوو ئەنجومەنە و چالاكییەكانی بەم چەشنە وەسف كردووە كە بێگومان دەبنە هۆی ئاشنایەتیی شاعیران و نووسەران و مامۆستایان لەگەڵ خوێندكاران و ئۆگرانی بەرهەمی ئەمڕۆی كوردی كە پێویستیی نەوەی ئەمڕۆیە، كە ئەم دۆخە لە حاڵی گوزەر دایە و جێگای رێز و پێزانینە، بەڵام لەو بارەوە كە هیچ چەشنە بوودجە و تێچوویەك بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو بەرهەمانە لەبەرچاو ناگیرێت ناڕاستەوخۆ برۆكراسیی ئیداری دەبێتە هۆی پێشگرتن لە هەوڵی نووسەران و توێژەرانی كوردی لەبەردەم كارەكانیان.

ـ عەباس محەممەدزادە نووسەر، رۆنامەنووس و توێژەری مێژووی هاوچەرخی ئێران و لەدایك بووی شاری ئیلام.
ـ هەتا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندووە: راپەڕینی خەڵكی ئیلام لەسەردەمی رەزا شا، ئەفسانەكانی ئیلام و كرماشان (كوردی).
ـ ئاریتاك (كۆمەڵە چیرۆكی كوردیی سۆرانی) كە بەمزوانە چاپ و بڵاوی دەكاتەوە هەڵەگر و پێداچوونەوەی چەندین بەرهەمی بەنرخی كوردیی لە ئەستۆتە.
ـ ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبی هانا و بەرپرسی لاپەڕەی ئەدەبیی \"واژا\"یە لە حەفتەنامەی نجوا كە یەكێكە لە پڕ فرۆشترین بڵاڤۆكەكانی ئیلام.