رەزا کەعبی: پێویستە لە کۆنگرەی نەتەوەییدا هەستی خودئاگایی نەتەوەیی پەرە پێ بدەین

17:44 - 14 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا بەمەبەستی زیاتر تاوتوێ کردنی چەند وردەکارییەکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دیمانەیەکی کورتی لەگەڵ رەزا کەعبی ئەندامی رێبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێک هێنا.

رەزا کەعبی سەبارەت بە دابەش کردنی کارەکانی کۆنگرە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، کە بۆ ئەو مەبەستە ٨ کۆمیسیۆنی وەک \"سیاسی، پاراستنی مافی رەوا، زمان و کولتوورو رۆشنبیری، ئێکۆنۆمی و ئێکۆلۆژی، کۆمەڵگەی ئازاد و چەندین کۆمیسیۆنی دیکە پێکهاتوون و هاوکات ئەندامانی لێژنەکە بە دڵخوازیی خۆیان لە یەک کۆمیسیۆن یان ٢ کۆمیسیۆنەدا بەشدار بن و هەروەها کەسانی شارەزا و ئەکادیمیی کورد لە هەموو شوێنێکەوە بۆ کۆمیسیۆنەکان بانگهێشت دەکرێن.

\"14383.jpg\"
رەزا کەعبی،ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە
ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە ئەوەشی خستەڕوو کە، \"کۆنگرە لە ٦٠٠ ئەندام پێک دێت و ئەو ٦٠٠ کەسەش بەسەر بەشەکانی کوردستاندا دابەش دەکرێت و هەر پارچەیەکیش بۆ خۆیان کەسانی بەشدار لە کۆنگرەدا دیاری دەکەن وسەرجەم حیزبەکان لە کۆنگرەدا نوێنەریان دەبێت.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەی کورد سەبارەت بە بەشداری کردنی \"پژاک\" لەو کۆنگرەیەدا ئاماژەی بەوەش کرد، پژاک لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆمیتەی ئامادەکاردا کەمترین دەنگی هێنایەوە، بۆیە ئێمە لە کۆبوونەوەکانی دواتردا رامانگەیاند ئەگەر \"پژاک\" لەسەر لیستی رۆژهەڵات بەشداری کۆمیتەی ئامادەکار بێت، شێوەیەکی نادێمۆکراتیکە و ناتوانێ نوێنەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات.

لە کۆبوونەوەی یەکەم رۆژی کاری کۆمیتەی ئامادەکاردا بۆ پێک هێنانی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی لە سەڵاحەددین، ٤٥ لایەنی کوردی لەهەر چوار بەشی کوردستان بەشداربوون کە ٥ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکار هەڵبژێردران.

رەزا کەعبی سەبارەت بە ئەنجامەکانی ئەو کۆنگرەیە رایگەیاند، پێویستە یکگرتوویی حیزبە کوردستانییەکان زیاتر بکەین و هاوکات هەستی خودئاگاهی نەتەوەیی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا پەرە پێ بدەین و پێویستە بە هەست بە بەرپرسیارەتی لە کۆنگرەیەکی ئاوەها بێینە دەرەوە کە سیمایەکی دێمۆکرات و ئاشتیخوازانە لە بزووتنەوەی رزگاری خوازی نەتەوەی کورد بەهوموو جیهان نیشان بدەین.

ئەو ئەندامەی رێبەریی کۆمەڵی زەحمەتکێشانی کوردستان راشیگەیاند، کۆنگرەی نەتەوەیی لە سەروبەندێکدا بەڕێوە دەچێت کە هەموو نەیارانی کورد پرش و بڵاون، بۆیە پێویستە کورد بەم کۆنگرەیە یەکگرتوویی خۆی بە جیهان بسەلمێنێت.

\"14386.jpg\"
سەید برایم عەلی زادە، سکرتێری کۆمەڵە \"حیزبی کۆمۆنیستی ئێران\"
لەلایەکی دیکەوە \"سەید برایم عەلی زادە\" سکرتێری کۆمەڵە \"حیزبی کۆمۆنیستی ئێران\" لە وتووێژێکدا کە لەگەل رۆژنامەی \"هاووڵاتی\" بوویەتی، رایگەیاندووە، \"ئێمه‌ ناچینه‌ ناو ساڵۆنی كۆنگره‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رانی حكومه‌تێک له‌وێ حزوریان بێت كه‌ فەرزادی کەمانگەر و ده‌یان رۆڵه‌ی بێتاوانیان ته‌نیا بۆ چاوترسێن كردنی جه‌ماوه‌ر ئیعدام كردبێ و ئێستاش سه‌ره‌تایترین مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان پێشێل بكات\".

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد رۆژی شەممە رێکەوتی ٢ی مانگی خەرمانان لە شاری هەولێــر و بەشداری ٦٠٠ نوێنەر لە هەر چوار بەشی کوردستان بەڕێوە دەچێت.