رێژەی تووشبوان بە مادەی هۆشبەر گوندێکی ناوچەی سنە لە رووی ئامارییەوە

14:51 - 14 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: ماوەی چەند ساڵێكە دیاردەی فرۆشتنی مادەی هۆشبەر بەشێوەیەکی بەرچاو لە گوندەکانی ناوچە کوردنشینەکان پەرەی سەندووە و هەتا ئێستا کۆمەڵێک لە لاوانی کورد تووشی مادە هۆشبەرەکان بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسی شۆرا و دێهیاریی گوندی گەلێن بە شێوەیەكی بەربڵاو مادە هۆشبەرەكان لەو گوندە بڵاو دەکەنەوە کە بەرئەنجامی ئەو کارە هەتا ئێستا ٦٨ کەس لە دانیشتوانی ئەو گوندە تووشی مادە هۆشبەرەکان بوون.

پێشتریش چەند شایەتحاڵێک رایانگەیاندبوو، دەست و پێوەندییەكانی حكوومتی ئیسلامیی ئێران لە رێگای شۆرای گوند، دێهیار و چەند كەسێكی دیكەوە سەرقاڵی كڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەكان لەنێو لاوانی ئەو گوندەدان و سەرەڕای ئەوەکە هاووڵاتیان سکاڵایان لەسەر ئەو کەسانە تۆمار کردووە، هیچ لایەنێکی حکوومەتی بەدواداچوونی بۆ نەکردووە.

لێرەدا تەنیا تەمەن و رێژەی تووشبوان بە مادە هۆشبەرەکان دەخرێتە روو.

خشتەی (١)
رەگەز، ژمارە و رێژەی تووشبوان نیشان ئەدات


\"11394.jpg\"


بەپێی ئەم خشتەیە ٦٨ کەس لە هاووڵاتییانی گوندی گەلێن تووشی مادە هۆشبەرەکان بوون کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٦٣ کەسیان پیاو و ٥ کەسیشیان ژنان پێکی دێنن.

خشتەی (٢)
رەگەز و تەمەنی تووشبوان دیاری دەکات


\"11393.jpg\"


بەپێی ئەم خشتەیە ١٣ کەس لە تووشبوان تەمەنیان لە نێوان ١٧ هەتا ٢٣ ساڵ دایە کە ٣ کەسیان کچان پێکی دێنن.

هەروەها ساڵی رابردوو ٢ کەس لە تووشبوان بە مادەی هۆشبەر بەهۆی \"تەزریق\"ـەوە لە گوندی گەلێن گیانیان لەدەست دابوو.

لەبەر پاراستنی بەها و كەرامەتی مرۆیی و پابەندبوون بە ئەخلاقی رۆژنامەوانی، ناوی فرۆشیاران و تووشبوانی مادە هۆشبەرەکان لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپاوە پارێزراوە.

دانیشتوانی گوندی گەلێن، \"بێکاری، نەبوونی کتێبخانە و شوێنی وەرزشی\"یان وەک هۆکارەکانی زیادبوونی تووشبوان بە مادە هۆشبەرەکان لە قەڵەم داوە.

گوندی گەلێن لە ٥٠ کیلۆمیتری شاری سنە هەوڵکەوتووە و بەپێی دوایین سەرژمێری فەرمیی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتی ئوستانی کوردستان، ١٥١٨ کەس حەشیمەتی هەیە.

کارناسانی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەهۆی بێکاری و نەبوونی پرۆژەی ئاوەدان کردنەوە و خزمەتگوزاری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، رێژەی تووشبوان بە مادەی هۆشبەر رۆژ لەدوای رۆژ روو لە زیاد بوون دەکات.