رۆژژمێری پێشلکردنی مافەکانی ژنان ( ٣ مانگی دووەمی ساڵی ٩٢) لە کوردستاندا

20:06 - 1 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٣ مانگی رابردوودا ٣١ حاڵەتی پێشلکردنی مافەکانی ژنان لە کوردستاندا رووی داوە.

ئاژانسی هەوەڵدەریی کوردپا بە مەبەستی رووماڵی حاڵەتەکانی پێشلکردنی مافەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و لە درێژەی راپۆرتی حەفتانەدا، راپۆرتی پێشلکاری مافەکانی ژنان لە ماوەی ٣ مانگی رابردوودا بڵاو دەکاتەوە.

لەم راپۆرتەدا حاڵەتەکانی خۆکوژیی ژنان وەک پێشلکردنی مافەکانی ژنان پێناسە کراوە.


ئەم راپۆرتە ٢٣ حاڵەتی خۆکوژیی ژنان، بانگهێشت کردنی دوو چالاکی ژن بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، دەستبەسەرکردن و ناڕوونی دوو چالاکی ژن، گواستنەوەی دوو زیندانیی کورد لە زیندانی \"ورمێ\"ـوە بۆ زیندانی یاسوج و سەپاندنی ٤ ساڵ حوکمی زیندانی هەلپەسێردرا بۆ دوو ژنە رۆژنامەنووس لە خۆ دەگرێت.

مانگی پووشپەڕ:

٣/٤/١٣٩٢: ژنێک بەناوی \"سۆیبە قادری\" خەڵکی \"گوندی \"شاییەر\"ی سەربە ناوچەی \"کۆماسی\"، بەشێوەیەکی بێ‌بەزەییانە لەلایەن ٤ برای خۆیەوە سەر بڕدرا.

سۆیبە لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندی \" گوڵان\" ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو و هەروەها دایکی ٣ منداڵیش بوو.

٣/٤/١٣٩٢ : ژنێکی کورد بەناوی \"هەڵاڵە خزری \" بەدەستی هاوسەرەکەی کوژرا.

هەڵاڵە دایکی ٢ منداڵ بوو کە ١٠ ساڵ پێش ئێستا هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژ بووە.

دەگوترێت هەڵاڵە داوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی خۆی کردووە، بەڵام دیار نییە کە هۆکاری کوژرانی ناوبراو لەو پەیوەندییەدا بووبێت.

٤/٤/١٣٩٢ : کچێکی خوێندکاری کوردی خەڵکی کرماشان بە ناوی \"دونیا میری\" بەهۆی ئەوە کە لەلایەن باوکییەوە درابوویە بەر لێدان، تووشی خوێن‌ڕێژیی مێشک بووە و لەئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

کەسانی نزیک لەو بنەماڵەیە رایانگەیاندووە، ئەو کچە خوێندکارە کە ٢٠ ساڵ تەمەنی بووە لەلایەن باوک و براکانییەوە لە ماڵەوە زیندانی کرابوو و هاوکات بە بە زەبری هەڕەشە و ڵیدان دەستیان پی لە خوێندنی زانکۆ هەڵگرتبوو.

٤/٤/١٣٩٢ : لەهە،ام رۆژدا راگەیەندرا کە لەشوێنی راگیران و هۆکاری دەستبەسەرکرانی \"بەیان کاکا خانی \" و هاوسەری ناوبراو بەناوی \"هیوا دارئافەرین\" کە رۆژی ١٧ی رەشەمەی ١٣٩١ لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرابوون، هیچ هواڵێک لە بەر دەست دا نیە.

٥/٤/١٣٩٢: ژنێکی لاوی دانیشتووی ناوچەی \"مەرگەوەڕ\"ی ورمێ کە نزیک بە ٢ مانگ پێش لە لایەن مێردەکەیەوە ئاگر لە جەستەی بەردرابوو گیانی لە دەست دا.

ناوبراو دایکی ٤ منداڵ بووە و کە بەوهۆی سووتانی٦٠%یی جەستەیەوە گیانی لەدەست دابوو.

نادیار: پەریسا ئەحمەدی تەمەن ٢٦ ساڵ و غەزاڵ ئەحمەدی تەمەن ٢٩ ساڵ لە لایەن دادگای شۆڕشی روانسەرەوە بە تاوانی هاوکاری و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە هەر کامەیان بە ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو مەحکووم کران.

نادیار: شنۆ رەحیمی شاعیر و چالاکی ئەدەبیی خەڵکی \"مەریوان\"یان بە تاوانی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە گەڵ کەسێکی کوردی دانیشتووی ئورووپا بانگهێشت و هەڕشەی دەستبەسەر کردنی لێ کرا.

١١/٤/١٣٩٢ : ژنێک بە ناوی \"خاتوون مینایی\" کچی \"عەلی\" و دانیشتووی گوندی \"گامیش گولی\"ـی سەربە شاری میاندواو خۆی هەڵواسی و گیانی لە دەست دا.

خاتوون مینایی دایکی ٣ منداڵ بووە کەلە نێو ماڵەکەی خۆیدا خۆی هەڵواسیوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

١١/٤/ ١٣٩٢: ژنێکی تەمەن ٣٨ ساڵ بەناوی \" فاتمە مینایی\" خەڵکی گوندی \"برایم‌ئاوای\" شاری بۆکان بە هۆی دەستکورتی و هەژارییەوە خۆی هەڵواسی و گیانی لە دەست دا.

فاتمە مینایی دایکی سێ منداڵ بووە لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی هەڵواسیبوو.

١٢/٤/١٣٩٢: ژنێکی دانیشتووی شاری جوانڕۆ بە ناوی \" ساحب حوسێنی\" بە هۆی لیدانی دەرزیی ناستانداردی چینییەوە گیانی لە دەست دا.

١٥/٤/١٣٩٢: کچێکی لاو بە ناوی \"سەرگوڵ خاتەمی\" لە ئاوایی\"مەرگسار\"ی کامیاران بە زەبری کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ئەم کچە لاوە بە هۆی کێشەی دەروونییەوە دەستی دابووە خۆ کوژی.

١٧/٤/١٣٩٢: \"شەهێن بایزیدپوور\" ئەندامی خولی دووەمی شورای شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی بۆکانەوە دەستبەسەر کرا.

ناوبراو یەکێک لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی کەمئەندامانی شاری بۆکان بووە و لەو بوارەدا کەسێکی چالاک بووە.

١٩/٤/١٢٩٢: ژنێکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی \"سنەوبەر\" بەدەستی مێردەکەی خۆی بە ناوی \"رەحمان . م\" گیانی لێ ئەستێندرا.

ئەم ژنە لەحاڵێکدا بە دەستی میردەکەی کوژراوە کە دوو گیان بووە.

نادیار : کچێک بە ناوی \"کوبرا ئەحمەدی\" خەڵکی نەغەدە خۆی هەڵواسی و لە ئەنجام دا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هۆکاری خۆکوژیی ئەم کچە پێشگیری بنەماڵەکەی بووە لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ خۆشەویستەکەی.

٢١/٤/١٣٩٢: ژنێک بە ناوی \"گەوهەر\" خەڵکی گوندی \"ئەمیرئاباد\"ی شاری شنۆ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، کە بووە هۆی گیان لە دەست دانی.

دەوترێ \"گەوهەر\" دایکی منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵ بە ناوی \"هانا\" بووەو بە هۆی کێشەی خێزانی و بە نیشانەی تووڕەیی لە مێردەکەی \"فەیسەل\" ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

٢٢/٤/١٣٩٢ : ژنێکی بە ناوی \"بەهارە ئەسەدی\" بە هۆیەکی نادیارەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

زیاتر لە ٩٠% لە سەدی جەستەی ئەم ژنە سووتابوو کە چەند رۆژ دواتر گیانی لەدەست دا.

مانگی گەلاوێژ

نادیار: کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵەو خەڵکی گوندی \"حەوت کانی\"ی ئیسلام‌ئابادی غەرب بە هۆی شەڕە قسە لە گەڵ براکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو بووە هۆی گیان لەدەست دانی. هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو کچە روون نەبووەتەوە.

٤/٥/١٣٩٢ : کچێکی ٢٥ ساڵە بە ناوی \"فەریدە کامڕەوا\" کچی محەممەد، خەڵکی گوندی \"نێ\"ی سەربە شاری مەریوان ئەگری لە جەستەی خۆی بەرداو کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

٧/٥/١٣٩٢ : \"شەهێن بایزیدپوور\" ئەندامی خولی دووهەمی شۆرای شای بۆکان کە ١٧ پووشپەڕی ئەمساڵ (١٣٩٢ی هەتاوی) دەستبەسەر کرابوو، بۆ بەندی گشتیی زیندانی ناوەندیی ورمێ(زیندانی دەریا) گوازرایەوە.

هۆکاری گواستنەوەی ئەم ژنە چالاکە ناڕوونە.

نادیار: دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی رۆژین و جەماڵ روستەمی لە گوندی \"هویە\"ی سەربە شاری سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە بە تاوانی بەزاندنی سنوور و پەیوەندی گرتن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

٢٢/٥/١٣٩٢ : ژنێک بە ناوی \"س . ئەلف\" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت کراو لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەرەوڕووی لێپرسینەوە بوویەوە.

ناوبراو هاوسەری \"رەشید رەسووڵیان\" هاووڵاتیی دانیشتووی گەڕەکی \"کانی مەڕ\"ی سەردەشت بوو کە هەمان رۆژ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئیرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

هۆکاری دەستبەسەر کران و بانگهێشت کرانی ئەم دوو هاووڵاتییە ناڕوونە.

نادیار: ژنێکی لاو بە ناوی \"بەهارە\" و دانیشتووی گوندی \"دەرەوەن\"ی سەلاسی باوەجانی بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و پاش شەش رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشان، گیانی لە دەست دا.

ئەم ژنە تەمەن ٢١ ساڵەیە بە هۆی پێداگریی بنەماڵەکەی لەمەڕ جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی دەستی دابووە خۆکوژی.

مانگی خەرمانان

٣/٦/١٣٩٢: ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی \"ئارەزوو بێهرووزی\" خەڵکی گوندی \"دایماو\"ی سەربە شاری نەغەدە بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

٥/٦/١٣٩٢: \"رامش مامەدی\" تەمەن ٢١ ساڵ، کچی خالید و خەڵکی گوندی \"ئاغ بەرزە\"ی سەڵماس، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە خۆی هەڵواسی و لە ئەنجام دا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

٦/٦/١٣٩٢: ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵان بە ناوی \"سوغرا خزری\" کچی عەبدوڵڵا و دانیشتووی گەڕەکی\"میرئاوا\"ی شاری بۆکان، پاش ئوەی لەگەڵ هاوسەرەکەی بەکێشە هاتبوو، خۆی هەڵواسی و کۆتایی بەژیانی خۆی هینا.

٦/٦/١٣٩٢ : رۆژین پایا ژنە زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری ورمێ، دوای ٣ ساڵ راگیران لە بەندی \"نسوان\"ی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە بۆ تێپەڕاندنی ٣ ساڵی دیکەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی شاری یاسوج کرا.

٨/٦/١٣٩٢: ژنێکی تەمەن ٥٧ ساڵ بە ناوی \"سێوە تەربی\" کچی نیزام و خەڵکی گوندی \"ئەنبێ\"ی شاری ورمێ بە هۆیەکی نادیار و بە زەبری چەک، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەوترێ کە ئەم ژنە دایکی ٨ منداڵ بووە.

نادیار : ژنێکی لاو بە ناوی فاتمە دێهقان تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی \"پیرانجوغ\"ی ورمێ کە ماوەیەک بەر لە ئێستا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لە دەست دا.

ناوبراو ساڵێک بەر لە ئیستا ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو و هەروەها دایکی منداڵێکیش بووە.

١٦/٦/١٣٩٢: کچێک بە ناوی نوسرەت کەریمی خەڵکی جوانڕۆ کە چەند رۆژ بەر لە ئیستا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، بە هۆی زیاد بوونی رێژەی سووتانەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

نادیار: لەشاری مەریوان ژنێک خۆی هەڵواسی و گیانی لە دەست دا.

هەر لەم پەیوەندییە دا و بە پێی لێکۆڵیەوەیەک کە لە لایەن سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئەنجام دراوە، ئەم ژنە لە لایەن کەس یان کەسانێکەوە خنکێندراوە و پاشان بە مەبستی بەلارێدا بردنی بیر و رای گشتی ، ناوبراویان هەڵواسیوە.

١٨/٦/١٣٩٢: ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بە ناوی \"گوڵباخ هوشیاری\" لە شاری مەریوان بە هۆی دەستکورتی و هەژارییەوە هەوڵی خۆ کوژیداو گیانی لە دەست دا.

ناوبراو دایکی ٤ منداڵ بووە.

٢٣/٦/١٣٩٢ : هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی \"ناهید عەلی‌نژاد\" بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەم ژنە دوو گیان بووە و بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە خۆی هەڵواسیوە.

نادیار: ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ و دایکی منداڵێک بە هۆی بەرز بوونی رێژەی سووتانەکەیەوە گیانی لە دەست دا.

ناوبراو دانیشتووی گوندی تازاوای سەربە شاری سەوڵاوا بووە.

کەڵک وەرگرتن لەم رۆژ ژمێرە بە ئاماژە کردن بە سەرچاوکەی(ئاژانسی کوردپا) رێگە پێدراوە.