رووداوی کاری جارێکی‌تر دوو کرێکاری سنەیی کردە قوربانی

13:54 - 4 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو کرێکاری کوردی سنەیی بوونە قوربانیی روودای کار و یەکێکیان گیانی لەدەست داو ئەوی دیکەشیان بە توندی بریندا بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر کرێکارێکی کورد بەناوی جەمشید محەممەدیان تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆی سنە بە هۆی بەربوونەوە لەبەرزایی گیانی لەدەست داوە.

جەمشید محەممەدیان سەرقاڵی پیشەی جۆشکاری بووە و لەکاتی کارکردندا لە نهۆمی شەشەمی بینایەک هەڵکەوتوو لە \"ویلا شار\"‌ی سنە کەوتۆتە خوارێ‌و گیانی لەدەست داوە.

ماڵپەڕی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بڵاوی کردۆتەوە کە جەمشید خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە و سەرچاوەکە هۆکاری گیان لەدەست دانیشی بۆ نەبوونی ئیمەنی کار گەڕاندۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و لەدرێژەی قوربانیانی رووداوی کاردا کرێکارێکی دیکەی کوردی سنەیی بەناوی \"ئەنوەر گویلی\" تەمەن ٣٦ ساڵ لەکاتی کارکردن بە دەزگای چیمەن بڕی تووشی رووداوی کار بووە و لە ئەنجامدا قامکێکی لەدەست داوە.

ئەو کرێکارە کوردە لە زانکۆی ئازاد هەڵکەوتوو لە جادەی سنە ـ کامیاران تووشی ئەو رووداوە بووە.

دوایین حاڵەتی قوربانیانی کار دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ی خەرمانان کە تێیدا دوو کرێکاری دیواندەرەیی و بانەیی بەناوی \"جەلال دێهقان\" و\"محەممەد حوسێن‌پەنا\" بە هۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست دابوو.

چالاکانی کرێکاری لەو باوەڕەدان بەشێک لەکرێکاران و کرێکارانی کورد بەتایبەتی بەهۆی بێ‌دەرەتانی و نەبوونی پیشەیەکی تەندروست، بەناچاری لە هەموو شوێنێکدا کار دەکەن، هەتا بتوانن بە ماندوو بوونی خۆیان بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

لە زۆربەی کارگە و کارخانەکان، کرێکاران لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە کەلوپەلی پێویست و ستانداردی کاریان بۆ دابین ناکرێ و زۆربەی حاڵەتی قوربانیانی کاریش پێوەندی بە کەمتەرخەمیی خاوەنکارانەوە هەیە و هەروەها حکوومەتیش یاسایەکی ئەوتۆی بۆ پشگیری لەکرێکاران و بیمەی سڵامەتی کار کە لەبەرژەوەندی کرێکاراندا بێت، پەسند نەکردووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی وەرزی هاوین ( پووشپەڕ، گەلاوێژ، خەرمانان) ٢٥ کرێکاری کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران تەنیا بە هۆی رووداوی کارەوە بوونەتە قوربانیی.

لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ١٧ کرێکار گیانیان لەدەست داوە و ٨‌ی دیکەش بریندار و کەمئەندام بوون.