رووداوی کار گیانی کرێکارێکی پیرانشاری ستاند

13:56 - 11 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی بەساڵاچووی پیرانشاری بە هۆی کەوتنە خوارەوە لەبەرزایی، بەتوندی بریندار بووەو لەئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٠‌ی رەزبەر هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی پیرانشار بەناوی \"ئەحمەد\" لەکاتی کردندا تووشی رووداوی کار بووە.

ئەو کرێکارە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ‌کراوە کە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لەرێگادا گیانی لەدەست داوە.

چالاکانی کرێکاری لەو باوەڕەدان نەبوونی ئیمەنی کار، ناستاندار بوونی کەلوپەلی کار و بایەخ نەدانی خاوەنکارەکان بە کرێکاران و شێوازی کار کردنیان، لەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆی رووداوی کار و تەنیا کەسانێک کە تێیدا زەرەرمەند دەبن، کرێکاران و بنەماڵەکانیانن.

ئاماری قوربانیانی رووداوی کار لەماوەی ٤٠ رۆژی رابردوودا ( سەرەتای خەرمانان هەتا ١٠ی رەزبەر) لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران، باس لەدۆخی خراپی کرێکاران و بایەخ پێ‌نەدانیان لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە، دەکەن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ئەو ٤٠ رۆژەدا، ٩ کرێکاری کورد بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە و ٦‌ی دیکەش بریندار بوون.