رووداوی کار لە سلـێمانی گیانی کرێکارێکی سنەیی ستاند

14:16 - 31 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی دیکەی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات لە کاتی کار کردنداو بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو رێکەوتی ٣٠ی مانگی گەلاوێژ کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری سنە کە لە سلێمانی سەرقاڵی کار کردن بوو، بەهۆی بەربوونەوە لە پرۆژەیەکی بیناسازی بە توندی بریندار و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سلێمانی، ناسنامەی ئەو کرێکارە تەمەن ٢٦ ساڵەی \"مەعرووف نمەکی\" کوڕی \"حەمە کەریم\" و خەڵکی شاری سنە راگەیاندووە.

بەهۆی گەمارۆ نێو دەوڵەتییەکان و هەروەها نەبوونی دەرەتانی کار لەوڵاتی ئێران و بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان، رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کورد بە مەبەستی کار کردن روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەو هۆیەوە هەتا ئێستا چەندین کرێکار لە رووداوی کاردا لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٤ کرێکاری کوردی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارە رێژەییەو بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوەو دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.


هەروەها لە کۆتایی مانگی رەشەممەی ساڵی رابردوو ٤ کرێکاری خەڵکی شاری ئیسفەهان کەلە شیرکەتی \"ئاسیا سێڵ\" لە نزیک گەڕەکی \"راپەڕین\" لە شاری سلێمانی سەرقاڵی کار کردن بوون، لە رووداوی کاردا کەسێکیان گیانی لەدەست داو ٣ کەسیشیان بەتوندی بریندار بوون.