روودانى بۆمەلەرزە لە چاڵدوران خەساری ماڵیی لێكەوتەوە

19:58 - 2 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: لە ئەنجامی بۆمەلەرزەكەی شاری وان لە توركیە كە دوێنی یەكشەمە رووی دا شاری \"چاڵدوران\"یشی هەژاند و چوار كەس بریندار بوون و نزیك بە40 خاونووش رووخاون.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە چاڵدوران، بەهۆی كاریگەریی هەژاندنی بۆمەلەرزە بەهێزەكەی رۆژهەڵاتی توركیە كە چەندین شاری پارێزگای ئازەربایجانیشی گرتەوە، چوار هاووڵاتیی گوندنشین بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی بەهەشتیی چاڵدوران گوێزراونەتەوە.
لە ئەنجامی ئەو بۆمەلەرزەوە نزیك بە 40 ماڵی گوندنشینانی چاڵدوران 50% یان تێك رووخاون و هەروەها هێڵەكانی پێوەندیی بەرق و تەلەفۆنیش خەساریان بینیوە.
ئەو بۆمەلەرزەیە ترس و نێگەرانیی لەلای خەڵك ساز كردووە.
رۆژی یەكشەممە لە پارێزگای وان لە توركیە و چەند پارێزگایەكی دیكەی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بۆمەلەرزەیەك رووی دا كە زیاتر لە 7 دەیەمی ریشتێر بووە كەلە ئاكامدا 239 كوژراو و نزیك بە 1100 كەسیش بریندار بوون و ژمارەیەكی زۆریش هێشتا نادیارن.