روانگەی هەفتەحەفتەی سێیەمی مانگی گەلاوێژ، ٣٠ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە

21:57 - 29 گەلاوێژ 2713
>ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە مەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هەر هەفتە جارێک راپۆرتێک لەژێر ناوی \'\'روانگەی هەفتە\'\' لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، بڵاو دەکاتەوە.

لە هەفتەی سێیەمی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، راپۆرتی حەفتانەی \"روانگەی هەفتە\" ئاوڕ لە ٣٠ حاڵەتی پێشێل کاری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران‌دا دەداتەوە کە بریتین لە ٥ حاڵەتی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی، ١٥ حاڵەتی گواستنەوەی زیندانیە مەزهەبییەکان بۆ گرتووخانەیەکی دیکە، ٤ حاڵەتی دەسبەسەرکردن و نادیاری چارەنووسی دەستبەسەر کراوان، ٤ حاڵەتی سەپاندنی حوکم و ٢ حاڵەتی برینداربوون بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامیەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران.

\"14763.jpg\"


تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامیەکان لە کۆڵبەرانی کورد:

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ٢ کۆڵبەری کوردی خەڵکی ناوچەکانی سەروئاوای مەریوان و \"نێوچوان\"ی سەردەشت لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندا بریندار بوون.

رۆژی شەممە ١٩ی گەلاوێژ، لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامیەکانی حكومەتی ئیسلامی ئێران لە ناوچەی \"قەلعەچی\" سەربە ناوچەی \"سەروئاوا\"ی شاری مەریوان کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"بەهمەن\" بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی \"دەرناغ\'\' بە ناوی بەهمەن بریندار کرا و بەمەبەستی چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی مەریوان گوازرایەوە.

هەر لەو پەیوەندیەداو لە ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ، کۆلبەرێکی کوردی تەمەن ٢٨ ساڵ بەناوی \"عوسمان نەبی‌پوور\'\' خەڵکی ئاوایی \'\'نێوچەوان\'\'ی سەردەشت، هاوڕی لەگەڵ پۆلێک کۆڵبەری دیکە درانە بەر دەستڕێژی هیزە نیزامنییەکان و لە ئەنجامدا ناوبراو بریندار کرا.

دەگوترێت، ئەو کۆڵبەرە دوای برینداربوونی لەلایەن هێزە نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بە هۆی خراپ بوونی باری تەندرووستی، رەوانەی یەکێک لە ناوەندە تەندرووستیەکانی ورمێ کراوە.

بە پێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە هەتا ئێستا ٧ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار و کۆڵبەرێکیش کوژراوە.

\"14764.jpg\"


لەم بەشەی روانگەی هەفتەدا تیشک دەخەینە سەر مانگرتن، گوشار و گواستنەوەی زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانەکانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەماوەی هەفتەی رابردوودا:

باری تەندرووستی ٢ زیندانیی کورد بە ناوەکانی \'\'جەلال ناسری\'\' و قاسم رەحیمی‌ئازەر\'\' دوای تێپەڕ بوونی ٦ رۆژ لە مانگرتنەکایان، دۆخی جەستەییان بەرەو خراپی رۆیشتووە و رەوانەی بێهداری نێو زیندانی شاری مەهاباد کراون.

ئەو دوو زیندانی سیاسییە کوردە، دوای چوار رۆژ لە مانگرتنەکەیان لەلایەن بەرپرسانی زیندانی مەهابادەوە بۆ قەرەنتیە راگوازران و ئێستاش توشی نەخۆشیی \'\'گورچێلە\'\' و \'\'سیل\'\' بوون و هەتا ئێستاش لە لایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە هیچ ئاورێکیان لێ نەدراوەتەوە.

درێژەی رەوتی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کورد:

\"14765.jpg\"
چەند رۆژ پێش ئیستا \"خدر رەسووڵ مرووەت\" زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی مەهاباد لەلایەن حیفازەتی زیندانەوە بانگهێشت و بەبیانووی ئەوەی کە ناوبراو لە نێو زیندانەوە پەیوەندی لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات بووە، ئەو زیندانییە سیاسیە کوردەیان لە بەندی زیندانیانی سیاسییەوە بۆ بەندی تاوانبارانی ماددە هۆشبەرەکان راگواستووە.

خدر(شەماڵ) رەسووڵ مرووەت بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەو هەڵوێستەی مەئموورانی حیفازەتی زیندان بۆ ماوەی ٨ رۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.

هاوکات سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ مانگ بەسەر دەستبەسەر کرانی ئەو چالاکە خوێندکارییەدا، هەتا ئێستا چارەنووسی روون نەبۆتەوە.

هەروەها ٣١ی مانگی پووشپەر \"کەریم مووسازادە\" زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی \"بەندەر عەباس\" لەلایەن مەئموورانی ئەو زیندانەوە درایە بەر لێـدان و لە بەندی \"کرێکاران(کارگران)\"ـەوە بۆ بەندی ٢ی ئەو زیندانە کە شوێنی راگرتنی تاوانبارە مەترسیدارەکانە، گوازرایەوە. 

کەریم مووسازادە بەنێشانەی ئەو بێڕێزی کردنەی مەئمورانی زیندان و راگواستنی بۆ بەندی تاوانە گشتییەکانی ئەو زیندانە، بۆماوی ٦ رۆژ مانی لە خواردن گرتبوو، دواتر بەرپرسانی زیندان ناوبراویان بۆ بەندی پێشووی خۆی گەڕاندەوە.

ئەو زیندانییە کوردە پاش ئەوەی کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا، سەرلەنوێ بۆ بەندی تاوانە گشتییەکانی ئەو زیندانە گوازرایەوە.

کەریم موسازادە ٧ی گەلاوێژی ساڵی ٨٨ لە شاری ورمێ دەستبەسەر و پاش ٤٥ رۆژ راگیران لە ئیلاعات، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوەو لە پاییزی هەمان ساڵدا بە تاوانی ئەندامەتی لە پارتێکی کوردیدا بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دورخرانەوە بۆ زیندانی بەندەرعەباس، مەحکووم کرا.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێ‌شەممەی رابردوو مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان بەناوی \"سەرکەوت سەڵواتی\" دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگواست.

دەگوترێت کە مەئموورانی ئەو ئیدارەیە پاش دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، چوونەتە ماڵەکەی و دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر و کۆمەڵێک کەلووپەلی شەخسیی ناوبراویشدا گرتووە.

بەهەمان شێوە \'\'سید سامی حوسەینی\'\' زیندانیی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ناوەندی ئورومیە، بە مەبەستی نارەزایەتی دەربڕین بە گواستنەوەی بۆ بەندی ٤ی گرتووخانەی ئورومیە مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو زیندانیە سیاسییە کە ساڵی پێشوو حوکمی ئێعدامەکەی جێبەجێ نەکرا، بە هۆی گواستنەوەی بۆ بەندی ٤ی گرتووخانەی ئورومیە کە جێی راگرتنی زیندانیانی قەتڵە، مانی لە خواردن گرتووە.

بەرپرسان لە وەڵامی ئەو مانگرتنەدا ناوبراویان بۆ بەندی تاکەکەسی گرتووخانە راگواستووە.

زیاد بوونی گوشارەکان لەسەر زیندانیانی مەزهەبی کورد:

بڵاو بوونەوەی ئاماری زیندانیانی کوردی سونی مەزهەب لە رەجای‌شاری کەرەج، بوەهۆی گواستنەوەی ژمارەیەک لەو زیندانیانە بۆ گرتووخانەکانی دیکەی کوردستانی ئێران.

رێکخراوەی زیندانەکانی ئێران بە بڕیاری دەزگایی قەزایی، ژمارەیەک لە زیندانیانی مەزهەبیی رەجای‌شاری کەرەجیان بۆ گرتووخانەکانی دیکەی ئێران بە تایبەتی گرتووخانەکانی کوردستان گواستەوە.

ناسنامە و شوێنی گواستنەوەی ١٥ کەس لە زیندانییە سونی مەزهەبەکان بەو شێوەی خوارەوەیە:

\"14769.jpg\"


بەپێی ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری ئاژانی هەواڵدەری کوردپا، لە سەرەتای ئەوساڵ هەتا ئێستا ٢٢ زیندانی سیاسی کورد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بارودۆخی گرتووخانەکان مانیان لە خواردن گرتووە و ٥٨ زیندانی دیکەش بە قەرەنتینە و گرتووخانەکانی دیکە گوازراونەتەوە.

\"14766.jpg\"


دەستبەسەرکرانەکان:

لە هەفتەی سێیەمی مانگی گەلاوێژ‌ ٤ حاڵەتی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییانی کورد کورد لە ناوچە کوردنشینەکان:

رێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \" رەشید رەسووڵیان\" دانیشتووی گەڕەکی \"کانی مەڕ\"ی شاری سەردەشت لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

دەگوترێت، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان پشکنیوەو ناوبراویان لەگەڵ خۆیاندا بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووە.

بە وتەی کەسانی ئاگادار، هاوسەری رەشید رەسووڵیان بە ناوی کورتکراوی \" سین، ئەلف\" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەی لێکراوە، کە ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای ناوبراو دروست کردووە.

بەهەمان شێوە رۆژی سێ‌شەممە ٢٢ی گەلاوێژ، هاووڵاتیەکی ٣٢ ساڵەی دانیشتووی گەرەکی \'\'گوڵشەن\'\'ی شاری سنە بەناوی \'\' سەرکەوت سەڵواتی\'\' لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاربەدەستانی ئەمنی شاری سنە دوای دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، ماڵەکەیان پشکنیوەو کۆمپیتەر و بەشێک لە کەرەسەتە تایبەتیەکانی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

درێژەی رەوتی دەستبەسەرکردنەکان:

هێزە ئەمنیەکان حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دوای چەندین جار چوونە سەر ماڵی هاووڵاتیەکی کورد بەناوی \'\'عەبدوڵڵا عەبدی\'\' خەڵکی ئاوایی \"واوان\"ی سەربە شاری سەردەشت، ئەو هاووڵاتیەیان دەستبەسەر کرد و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشتیان گواستەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ماوەی ١٢ کاتژمێر لە ئیدارەی ئیتلاعاتدا راگیرابوو.
لە لایەکی ترەوە کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی ئاوایی\'\' دەرەکی\'\'سەربە شاری سەوڵاوا لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

لەماوەی حەفتەی رابردوودا ٢٠ کۆڵبەری کوردی خەڵکی ئاوایی دەرەکی سەربە سەوڵاوا کەوتنە ناو بۆسەی هێزە نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجام‌دا کۆڵبەرێک بە ناوی \'\' بێهروز رەزایی\'\' تەمەن ١٦ ساڵ، کوڕی \'\'محەممەد حاجی\'\' دەستگیر کرا.

بەپێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لەسەرتایی ئەم ساڵەوە هەتا ئێستا ٢٦٣ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.

سەپاندنی حوکم بەسەر رۆژنامەنووسان و چالاکانی سیاسی کورد:

زیندانییەکی سیاسی کورد لە دادگای ئینقلابی شاری سنە، ٢٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

\"14690.jpg\"
\"مەنسوور زەردوویی\" زیندانیی سیاسی کورد لە دادگای ئینقلابی شاری سنە، حوکمی ٢٧ ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوەو دواتریش رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری کرماشان کرا.

\"مەنسوور زەردوویی\" زیندانیی سیاسی کورد لە دادگای ئینقلابی شاری سنە، حوکمی ٢٧ ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوەو دواتریش رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری کرماشان کرا.

ناوبراو لە کۆتایی پاییزی ساڵی ١٣٩٠ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە.

\"مەنسوور زەردوویی\" تەمەن ٢٨ ساڵ، دانیشتووی ئاوایی \'\'ئەڵک\'\'ی سەربە شاری کامیاران بووە کە لە دووەم دانیشتنی دادگایی کردنەکەی بە تۆمەتی \"تێکدانی تەناهیی نەتەوەیی\" و ئەندام بوون لە حیزبێکی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ٢٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

حوکمی دادگا بۆ هاووڵاتییانی کورد:

حوکمی ئێعدامی \"عەلی ئەحمەد سولێمان\" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە بەتاوانی \"قەتڵ\" پشتڕاست کرایەوە و ئەو حوکمە چەند رۆژ پێش ئێستا بەو زیندانییە کوردە راگەیاندراوە.

\"14688.jpg\"
عەلی ئەحمەد سولێمان، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان
ئەو هاووڵاتییە کوردە پاییزی ساڵی ١٣٨٤ لە ناوچەی سنووریی \"تەرگەوەڕ\"ی ورمێ دەستبەسەر و بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ٥ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

عەلی ئەحمەد سولێمان دواتریش بە تاوانی پەیوەندی گرتن لەگەڵ \"ئەحمەد شەهید\" رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، حوکمی ١ ساڵ زیندانیی دیکەی بۆ بڕایەوە.

عەلی ئەحمەد سولێمان رەشەمەی ساڵی رابردوو بە تۆمەتی کوشتنی ٢ ئەندامی سپای پاسداران بە ئێعدام مەحکووم کرا، ئەوە‌ش لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو هیچ دانپێدانانێکی لەو پەیوەندییەدا نەبووە.

لە درێژەی سەپاندی حوکم بەسەر رۆژنامەنووسان و چالاکانی سیاسی کورد:

\"14691.jpg\"
ئومید کەریمی، رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری سنە
\"ئومید کەریمی\" رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری سنە کەلە لایەن \"عەبدولجەبار کەرەمی\" نوێنەری پێشووی خەڵكی ئەو شارەوە تاوانی \"موزاحیم تەلەفۆنی\" درابوویە پاڵ، بە دانی ٥٠٠ هەزار تمەن مەحکووم کراو سەرئەنجام ٢ رۆژ پیش ئێستا بەهۆی دەستکورتییەوە لەمەر دابین کردنی ئەو بڕە پارەیە، خۆی بە زیندانی شاری سنە ناساند.

ئومید کەریمی رایگەیاندووە، \"سەبارەت بە فۆرمێک کەلە لایەن \"عەبدولجەبار کەرەمی\" بۆ من نێردرابوو بە تەلەفۆن پرسیارم لە ناوبراو کرد، بەڵام ئەو نوێنەرەی پێشووی خەڵكی شاری سنە لە دادگادا تۆمەتی بۆ من ساز کردووە کە گۆیا من بە تەلەفۆن موزاحیمی بووم\".
ئەو رۆژنامەنووسە کوردە، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە دانی ٥٠٠ هەزار تمەن سزا دراو دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە.

لە لایەکی ترەوە \"حامد مەحموودی‌نژاد\" چالاکی کرێکاری کورد لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە نە تۆمەتی تێکدانی ئەمنیەتی گشتی ساڵێک زیندانی بەسەردا بڕایەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا تۆمار کراوە، لەسەرەتای ئەم مانگەوە هەتا ئێستا ٦٨ هاووڵاتی کورد بە ٤٦٣ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٢ ساڵ زیندانی تەعلیقی حکوم دراون.


ئیدارەی ئیتلاعات، گرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێزە نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەستگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، سازمان و ناوەندەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کوردستانی ئێراندا لە ماوەی حەفەتەی سێیەمی مانگی گەلاوێژدا ٣٠ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤیان ئەنجام داوە.

\"14767.jpg\"


\"14768.jpg\"


سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا(٧ حاڵەت)
کەمپەینی داکۆکی لە مافی مرۆڤ(٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا(٣ حاڵەت)
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی رێکخراوە کرێکاریەکان(١ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان و کورد(١ حاڵەت)
هەواڵدەری هێرانا(١ حاڵەت)