روانگەی حەفتە: ٢٩ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە حەفتەی کۆتایی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران

12:43 - 6 رەزبەر 2713
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە مەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هەر هەفتە جارێک راپۆرتێک لەژێر ناوی \'\'روانگەی هەفتە\'\' لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، بڵاو دەکاتەوە.

لە حەفتەی کۆتایی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاویدا ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا لە چوارچێوەی راپۆرتی حەفتانەی (روانگەی هەفتە)دا، ئاوڕ لە ٢٩ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ کە بریتین لە (٢ حاڵەت ئێعدام کردن، ٢١ حاڵەت دەستبەسەرکران، ٤ حاڵەت بارودۆخی ناجێگیری زیندانییانی سیاسیی کورد، حاڵەتێک بەجێهێشتنی وڵات و حاڵەتێک سپاندنی حوکمی ئێعدام)، لەکوردستانی ئێران، ئەدرێتەوە.

\"15682.jpg\"


بارودۆخی چالاکوانان و رۆژنامەنوسانی کورد لە گرتووخانەکاندا

تاوتووێی دوایین راپۆرتەکان لەسەر خراپی بارودۆخی زیندانییانی سیاسی و رۆژنامەنووسانی کورد لە گرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی حەفتەی کۆتایی مانگی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاویدا:

\'\'ئەفشین سوهراب‌زادە\'\' زیندانیی سیاسی کورد کە ماوەیەک پێش ئێستا بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی لە گرتووخانەی میناب بۆ گرتووخانەی بەندەرعەباس راگوێزرا، بێ ئەوەی چارەسەر و پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت بۆ گرتووخانەی میانب گەڕێندرایەوە.

بە وتەی یەکێک لە هاوبەندییەکانی ئەو زیندانییە سیاسییە، لە کاتێکدا کە \'\'ئەفشین سوهراب‌زادە\'\' بەهۆی چارەسەر نەکردنی نەخۆشییەکەیەوە مانیگرتبوو، ڕیگە بە بنەماڵەی ئەو چالاکە سیاسییە نەدراوە کە چاوییان بە رۆڵەکەیان بکەوێت.

\'\'ئەفشین سوهراب‌زادە\'\' تەمەن ٢٣ ساڵ، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو، ناوبراو دواتر بۆ گرتووخانەی میناب دوورخرابووەوە.

لە لایەکی دیکەوە چوار زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی \"هەنێمن\"ی سەربە ناوچەی کامیاران پاش چوار ساڵ راگیران لە زیندان، بڕیاری ئازادیی مەشرووتیان بۆ دەرچوو، کە دەزگای قەزایی لە ژێر فشاری ئیدارەی ئیتلاعاتدا رێگری لە ئازاد کرانی یەکێک لەو زیندنیانە بەناوی \"نێعمەت ئیسحاقی\" کرد.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە لە رێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر و دواتر بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزستیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ١٢ ساڵ زیندان مەحکووم کران و پاشان حوکمەکەیان لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٩ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ئەو سێ زیندانییەی دیکە بەناوەکانی \"لوقمان مەنفەردی، سەباح خەیات و پشتیوان ئاسم\" چەند رۆژ پێش ئێستا بەپێی یاسای ئازادیی مەشرووتی زیندانیان لە وڵاتی ئێران، لە زیندان ئازاد کران.

درێژەی رەوتی گوشار بۆسەر چالاکانی کورد لە گرتووخانەکانی ئێراندا:

دوای ئەوەی رۆژنامەنووسێکی کورد \'\'ناسر باباخانی\'\' ئەندامی هەیئەتی زانستی زانکۆی ئازادی میاندواو لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرا، هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

بنەماڵەی ئەو چالاکە چەندین جار بە مەبەستی ئاگادار بوون لە دۆخی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان کردوە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانەوە هیچ وەڵامێکیان لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکەیان پێ نەدراوەتەوە.

\'\'ناسر باباخانی\'\' پێشینەی ٤ ساڵ هاوکاری لەگەڵ گۆڤاری سروە هەیە و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (روانگە) بووە.

هەر لەو پێوەندییەدا رێکەوتی١٧ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی سنەیی بە ناوی \'\' فەرهاد گوفتاری\'\' لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازتراوەتەوە، کە هەتا ئێستا هۆی دەستبەسەرکرانەکەی رانەگەیەندراوە.

بە پێی ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا ١٥ زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێراندا مانیان گرتووە و ٣٧ زیندانیی دیکە بۆ قەرەنتینە و گرتووخانەکانی دیکە راگوێزراون.

\"15683.jpg\"


ئێعدام کردنی هاووڵاتییان لە کوردستانی ئێران

تاوتوێ کردنی دوایین راپۆرتەکان لەسەر ئێعدام کردنی هاووڵاتییان لەکوردستان:

رێکەوتی ٢٠ی خەرمانان حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \'\'مەنسوور کەریمی\'\' لە گرتووخانەی دیزڵ ئابادی کرماشان جێبەجی کرا.

هەر لەو پێوەندیەدا رێکەوتی ٢٧ی خەرمانان، ٤ زیندانی لە گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج ئێعدام کران.

فەردین محەممەدی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، کە بە تۆمەتی قەتڵ، ماوەی ٥ ساڵ لە زیندنای رەجایی ساری کەرەج لە دەستبەسەریدا بوو، یەکێک لەو کەسانەیە کەلە گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج ئێعدام کرا.

بەپێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لەسەرەتای هاتنە سەر کاری دەوڵەتی حەسەن رۆحانی (لە ناوەڕاستی مانگی گەلاوێژ)ەوە هەتا ئێستا، نزیک بە ١٠٠ هاووڵاتی ئیعدام کراون کە ٧ کەسیان هاووڵاتیی کورد بوون.

\"15684.jpg\"


بەپێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا ٢١ حاڵەتی ئێعدام لە کوردستانی ئێراندا جێبەجی کراوە، کە ٢ حاڵەتییان لە پێش چاوی خەڵکدا بووە.

\"15685.jpg\"


دەستبەسەرکران

تاوتووێی دوایین راپۆرتەکان لەسەر دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد:

حەفتەی رابردوو بەهۆی هەڵدانەوەی چالی تەقەمەنی شاردراوە لە ئاوایی\'\'گوڵچێرە\'\'ی سەربە شاری مەریوان، چەند هاووڵاتییەک بە ناوەکانی \'\'دەروێش مەحموودی\'\' شوانی گوند و \'\'قادر قادرپوور\'\' دانیشتوویی گوندی \'\'گوڵچێرە\'\' لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکران.

لە لایەکی دیکەوە، دوو چالاکی سوننی مەزهەب بە ناوەکانی \'\'فواد رەزازادە و حەسەن جەوادی\'\' دوای ئازادکردنییان لە گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتیی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ تۆمەتی عەقیدەتی دەستبەسەرکران.

لە درێژەی دەستبەسەرکرانەکان:

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کوردی پیرانشار بەناوی \'\'ئەسعەد سۆفی‌زادە\'\' لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی \'\' چالاکیی سیاسی\'\' دەستبەسەرکرا.

بنەماڵەی سۆفی‌زادە بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشاریان کردووە، بەڵام وەڵامێکی پێویستیان وەرنەگرتووە.

هەر لەو پەویوەندیەدا و لە ماوەی حەفتەی رابردوودا هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر دوو گوندی \'\'قەبری حوسێن\'\' و \'\'ترکەش خواروو\'\' ١٦ هاووڵاتیی ئەو گوندانەیان دەستبەسەرکردووە.

دووکەس لەو دەستبەسەرکراوانە بریتین لە \'\'محەممەد رەسوڵی\'\' کوڕی \'\'خدر\'\' خەڵکی گوندی قەبری حوسێن و\'\'محەممەد درەخشان\'\' تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی گوندی ترکەش سەفلی.

دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردانە لە کاتێکدا بوو کە رێکەوتی ٢٦ی خەرمانان گرووپێک لە هێزە ئینتزامییەکان بە مەبەستی زەوت کردنی مەڕوماڵاتی ئاژەڵداران هێرشیان کردبووە سەر گوندی قەبری حوسێن و لەگەڵ ناڕەزاییەتی هاووڵاتییان بەرەوڕوو ببوونەوە.

بە پێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە وەرزی هاوینی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ١٦٠ هاووڵاتی کورد لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون کە ١٥ کەسیان چالاکی سیاسی کورد بوون.

\"15686.jpg\"


\"15687.jpg\"


مەنووچێهر پۆڕدڵ رۆژنامەنووس و چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی مەهاباد، پاش ئەوەی حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ پشتڕاست کرایەوە، بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.

بە وتەی ئەو چالاکە فەرهەنگییە، دادگای شاری مەهاباد بەبێ ئامادەبوونی خۆی و تەنانەت پارێزەرەکەشی، حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی کرانی بەسەردا سەپاند و بە پێی ئەو تاوانانەی کە درابوویە پاڵی چاوەڕوانی زیاد کردنی ئەو حوکمەی دەکرد، بۆیە ناچار بووە کە زێدی خۆی بەجێ بێڵێ و ئێستا وەک پەنابەر روو لە وڵاتی تورکیە بکات.

دادگای شاری مەهاباد تاوانی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، ئەندامەتی و هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کۆبوونەوە و هەوڵدان بە دژی نیـزام\"ی دابوویە پاڵ ئەو چالاکە فەرهەنگییەو لە ئەنجامدا حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپاند.

\"مەنووچێهر پۆڕدڵ\" کوڕی مەحموود، چالاکی فەرهەنگی و ئەندامی ئەنجومەنی نووسەرانی منداڵان لە ئێران، رێکەوتی ١٦ی رەشەمەی ساڵی رابردوو لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کرانی رۆژنامەنووسان و چالاکی فەرهەنگیی کورد، دەستبەسەر و پاش ١١ رۆژ لە دەستبەسەر کران بە سپاردنی بارمتەیەکی ٦٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

سەپاندنی حوکم بەسەر چالاکاندا

تاوتوێی دواین راپۆرتەکان لەسەر سەپاندنی حوکم بەسەر هاووڵاتییانی کوردا:

لە ماوەی حەفتەی پێشوودا قاسم ئەحمەدی رۆژنامەنووس و چالاکی فەرهەنگیی شاری مەهاباد کە پێشتر لەلایەن دادگای ئەو شارەوە بە تاوانی \"هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەدژی نیزام\" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، سەرئەنجام دادگای پێداچوونەوەی ورمێ حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ ناوبراو پشتڕاست کردەوە.

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهابادەوە هاوڕێ لەگەڵ مەنووچێهر پۆڕدڵ دەستبەسەر و پاش ١٦ رۆژ لە دەستبەسەر کران بە سپاردنی بارمتەیەکی ٥٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

\"15688.jpg\"


\"15689.jpg\"


سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (٦ حاڵەت)
کەمپەینی بەرگری لەزیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد (٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا (٢ حاڵەت)
هەواڵدەریی هێرانە (٢ حاڵەت)

\"15690.jpg\"