روانگەی حەفتە: ٣٥ حاڵەت پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی کورد لەحەفتەی سێیەمی مانگی ره‌زبەری ٩٢دا

12:47 - 22 رەزبەر 2713
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ زیاتر زەق کردنەوەی هەرچی زیاتری پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەرهەق بە هاووڵاتییانی کورد لەناوچە کوردییەکانی ئێران حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی \"روانگەی حەفتە\"دا بڵاو دەکاتەوە.

لەراپۆرتی ئەم حەفتەیەدا، بەشێوەی ئاماری حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی کورد لەسەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا دەخرێتە روو.

لەحەفتەی سێیەمی مانگی رەزبەردا راپۆرتی حەفتانەی \"روانگەی حەفتە\"ی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دەپڕژێتە سەر ٣٥ حاڵەت پێشێڵ کردنی مافی مرۆڤ لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بۆ وێنە قوربانی بوونی ٥ هاووڵاتیی کورد لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ٢١ حاڵەت دەستبەسەر کردن و ٨ حاڵەتی دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسیی کورد و هەروەها حاڵەتێکی بێبەری کردن لە خوێندن.

\"16027.jpg\"


تاوتوێ کردنی کوژران و بریندار کردنی هاووڵاتیانی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لەماوەی حەفتەی سێیەمی رەزبەر:

حەفتەی رابردوو هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراوە و ٤‌ کەسی دیکەش بریندار کراون.

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٤‌ی رەزبەر پاسگای ئاوایی \"زرواو\"‌ی سەر بەشارستانی بانە ماشێنی هاووڵاتییەکی کوردییان بە بیانوو و گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاغ دابوویە بەر دەستڕێژ و لەئەنجامدا، محەممەد سەلیمی کوڕی حاجی سەعید و خەڵکی شاری سەردەشت گیانی لەدەست دا.

لەلایەکی دیکەوە شەوی سێ‌شەممە ١٦‌ی رەزبەر، هاووڵاتییەکەی کورد بەناوی \" سەلاح شەریعەت پەنا\" دانیشتووی ئاوایی ئیسلام ئاباد لەلایەن مەئمورانی ئینتزامیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستڕێژی لێکراوە و بەتوندی بریندار بووە.

بەردەوامیی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەهاووڵاتیانی کورد:

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧‌ی رەزبەر لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لەناوچە سنوورییەکانی شنۆ کۆڵبەرێکی کورد بەناوی ئومید عەلی شامە بریندار بووە و بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری شنۆ کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە شەوی هەینی رێکەوتی ١٩ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی \"مووسا باقری\" کوڕی عیسا و دانیشتووی ئاوایی \"کلبی\"‌ی سەر بە مەرگەوەڕی ورمێ‌لەپێناو دابین کردنی بژێوی ژیان بەتەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئێران بریندار کرا.

هەر لەو پێوەندییەدا رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٤ی رەزبەر هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بەناوی هێمن رەحیمی کوڕی جەعفەر و خەڵکی شاری مەهاباد، لە شاری ئاستارای سەر بە پارێزگای گیلان درایە بەر دەستڕێژ و لاقێکی لەدەست دا.

\"16028.jpg\"


بێبەری کردن لەخوێندن

چەند رۆژ لەمەوبەر چالاکێکی خوێندکاریی کورد بەناوی مەجید تیباش لەسەر بڕیاری حەراسەتی زانکۆی عیلمی ـ کاربوردی شاری ورمێ‌لەخوێندن بێبەری کرا.

\"15987.jpg\"
مەجید تیباش،چالاکی خوێندکاری
بە وتەی ئەو چالاکە خوێندکارییە، ساڵی رابردوو لە کاتێکدا لەزانکۆ کۆنفڕانسی هەبووە، بەهۆی ئەوەی کە باکگراواندی لاپتۆپەکەی ئاڵای کوردستان بووە و لەسەر پرۆژێکتۆر پیشان دراوە، لەلایەن بەرپرسی حیراسەتی زانکۆەوە لاپتۆپەکەی لێ‌زەوت کرابوو و دواتر شکێندرا\".

ئەو خوێندکارەی تێرمی ٥ی کارناسیی باڵای زانکۆی عیلمی ـ کاربوردی رایگەیاندووە، دوابەدوای ئەوەی سەردانی حیراسەتی زانکۆی کردبوو، بەرپرسی زانکۆ وێڕای ئەوە کە ناسنامەکەی لەبەر چاوی خۆی خستە نێو ئاو و سووکایەتی پێ‌کردبوو، ئاگاداریشی کردبوویەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە خوێندن بێبەش کرا.

تاوتوێ‌کردنی ئەو راپۆرتانەی کە پێوەندییان بە زیندانیانی سیاسیی کوردی ناو گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە:

رۆژی چوارشەممە ١٧ی رەزبەر ٥ کەس لە زیندانیانی سیاسی ـ مەزهەبیی سوننەی گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج کە بە ئێعدام مەحکووم کراون، بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.

شەهرام ئەحمەدی، کاوە شەریفی، ئارەش شەریفی، تاڵب مەلەکی و بێهرووز شانەزەری کە سەرجەمیان لە لقی ٢٨‌ی دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری تاران بە ئێعدام مەحکووم کراون، هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو راپۆرتە بنەماڵەکانیان نەیانتوانیوە لەگەڵیان پێوەندیی بگرن.

لەلایەکی دیکەوە ئەفشین سۆهرابزادە زیندانیی سیاسیی کورد لەگرتووخانەی میناب کە لەرێکەوتی ١٦‌ی خەرمانانەوە مانی لەخواردن گرتبوو، پێنج رۆژ بەر لەئێستا و پاش تێکچوونی باری تەندروستی، بۆ نەخۆشخانەی شاری بەندەر عەباس راگوێزا.

سوهرابزادە بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران لە دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری سنە حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوەی بۆ میناب بەسەردا سەپابوو.

لەدرێژەدا: پێشگری لەچارەسەریی پزیشکی زەینەب جەلالیان و هەروەها رێگا پێ‌نەدان بە کەبوودوەند لەمەڕ چاوپێکەوتن بە بنەماڵەکەی

زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسی لەبەندی ژنانی گرتووخانەی دیزڵ ئاباد سەرەڕای تێکچوونی باری تەندروستی، ئیزنی چوونە دەرەوە لەگرتووخانە بە مەبەستی چارەسەریی پێنەدراوە و لەبەرەبەریی \"نابینا\"ی دایە.

زەینەب جەلالیان ساڵی ١٣٨٦‌ی هەتاوی لەلایەن مەئمورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەر و سەرەتا لە دادگای ئینقلابدا بە ئێعدام حوکم درا و دواتر حوکمەکەی کرا بە زیندانیی هەتا هەتایی.

لەلایەکی دیکەوە لە حەفتەی رابردوودا لە حاڵێکدا کە بنەماڵەی محەممەد سەدیق کەبوودوەند بە مەبەستی ملاقات سەردانی گرتووخانەی ئێوینیان کردبوو، لەگەڵ هەڵسوکەوتی نەشیاوی لێپرسراوانی زیندان بەرەوڕوو ببوونەوە.

بەرپرسانی زیندان تەنانەت پێشیان بە گەیشتنی چەند کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بە دەستی کەبوودوەند گرتبوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خەرمانانەوە هەتا ئێستا، ٢٠ زیندانیی سیاسیی کورد بۆ قەرەنتیەنە و شوێنەکانی راگوێزراون.

\"16029.jpg\"


تاوتوێ‌کردنی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد لەماوەی حەفتەی رابردوودا:

هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حەفتەی رابردوو لە ئاوایی \" خورخورە\"‌ی مەهاباد ١٥ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردوە.

بەوتەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، ئەو هاووڵاتیانە بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دروست کردنی بنکەیەکە بەسیج لەو ئاواییەدا، دەستبەسەر کراون.

لەلایەکی دیکەوە ژن و مێردێک بەناوی بەیان کاکاخانی و هیوا دارافرین خەڵکی مەریوان کە ٧ مانگ لەمەوبەر واتە مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١‌ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، سەرەڕای بەدواداچووونی بنەماڵەکانیان هیچ زانیارییەک لەچارەنووسیان نیە.

هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کرانی ئەو ژن و مێردە مەریوانییە، چوار هاووڵاتیی دیکە بەناوەکانی \"هێمن\"، \"فاڕووق رەحیم زادە\" ، \"خەلیل شێرزادی\" و \"عەبدوڵڵا گوڵشەن\" لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیڕان ئەو ٦ کەسیان بە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی \"بلە قەرەچی\" تاوانبار کردووە، بەڵام کەسوکاری ئەو دەستبەسەر کراوانە ئەو تۆمەتەیان بێ بنەما و بە پاساوی ئەو هێزانە لەقەڵەم داوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خەرمانانەوە هەتا ئێستا ٧٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە نیزامیی ـ ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

\"16030.jpg\"


پێشێڵ کردنی ٣٥ حاڵەتی مافی مرۆڤ لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لە حەفتەی سێیەمی مانگی رەزبەردا:

ئیدارەی ئیتلاعات، رێکخراوی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێزە ئینتزامییەکان، دەزگا قەزاییەکان لەو شوێنە حکوومیانەن کە لە یەک حەفتەی رابردوودا بەشێوەی راستەوخۆ رۆڵیان لە پێشێڵ کردنی ٣٥ حاڵەتی مافی مرۆڤدا هەبووە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (٥ حاڵەت)
کەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسیی و مەدەنیی ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا ( ٤ حاڵەت)
هەواڵدەریی هێرانا ( ٢ حاڵەت)