روانگەی حەفتە: ٤٠ حاڵەت پێشێلكاریی مافی هاووڵاتییانی كورد لەحەفتەی چوارەمی مانگی خەزەڵوەری٩٢دا

15:54 - 25 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بۆ زیاتر زەق كردنەوەی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ دەرهەق بە هاووڵاتییانی كورد لەناوچە كوردییەكانی ئێران حەفتانە راپۆرتێك لەژێر ناوی \"روانگەی حەفتە\"دا بڵاو دەكاتەوە.

لەراپۆرتی ئەم حەفتەیەدا، بەشێوەی ئاماریی حاڵەتەكانی پێشێلكاریی مافی هاووڵاتییانی كورد لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا دەخرێتە روو.

لەحەفتەی چوارەمی مانگی خەزەڵوەردا راپۆرتی حەفتانەی \"روانگەی حەفتە\" دەپرژێتە سەر ٤٠ حاڵەتی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لەناوچە كوردنشینەكانی ئێران بۆ وێنە : ٢ حاڵەتی كوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی كورد لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكان، ٦ حاڵەت دەستبەسەركران ، ١٨ حاڵەت دۆخی نالەباری زیندانیان و چالاكانی سیاسیی، `١٠ حاڵەت دەركردنی حوكم و ٤ حاڵەت بانگهێشتی چالاكانی كورد.

\"16822.jpg\"


تاوتوێ‌كردنی حاڵەتەكانی كوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی كورد لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێسلامی ئێران ـ حەفتەی چوارەمی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی:

رێكەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەكی خەڵكی ناوچەی بانە بەناوی \" جەلیل یونسی\" ناسراو بە \"جیمی\" تەمەن ٢٣ ساڵ، لە نزیك گوندی \"ئوشتراوا\"ی سەربەو شارە بە تەقەی راستەخۆی ‌هێزە نیزامییەكان گیانی لەدەست دا.

دەگوترێت كە ئەو كۆڵبەرە كوردە خێزاندار و باوكی منداڵێكیش بووە، تەنیا بۆ دابین كردنی بژیویی ژیانی رووی لە پیشەی پڕ مەترسیی كۆڵبەریی سەر سنوورەكان كردووە كە لە ناوچەی \"بۆیەن\" دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لێ ئەستێندراوە.
لەلایەكی دیكەوە رۆژی سێشەممە رێكەوتی ٢١ی خەزەڵوەر كەسێك بەناوی \"مەحموود شیری\" كوڕی رەحمان كە مانگی رەشەممەی ساڵی ٨٤ بە فیشەكی ژەهراویی هێزەكانی سپای پاسداران بریندار كرابوو، گیانی لەدەست دا.

مەحموود شیری لە میانەی خۆ پیشاندانێك كە بۆ كوژرانی كۆڵبەرێكی پیرانشاری بەناوی \" فایەق رەجەبی\" بریندار كرابوو، رۆژی رابردوو پاش ٧ سال و ٩ مانگ برینداری و كەمئەندامی گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە پاش ئەوەی لەو خۆ پیشاندانەی ساڵی ٨٤ی هەتاوی بریندار بوو، بە هۆی ژەهراوی بوونی ئەو گولـلەیەوە، زۆربەی ئەندامانی لەشی لە كار كەوتن و سەرەڕای چەندین جار نەشتەرگەری و چوونە لای پزیشك، برینەكانی بە چارەسەر نەكراوی مانەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندەی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ١٧ هاووڵاتیی كورد بەتەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێسلامیی ئێرانەوە كوژراون و ١٩ی دیكەش بریندار كراون.

\"16823.jpg\"


تاوتوێ‌ كردنی دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسیی ـ عەقیدەتی كورد لەگرتووخانەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران:

مانگرتنی ٦ زیندانی عەقیدەتی كوردی مەحكوم بە سێدارە لەزیندانی قزڵحەسار دوای ١٣ رۆژ

ئەو شەش زیندانییە بەناوەكانی حامید ئەحمەدی، كەماڵ مەلایی، جەمشید دەهقانی، جەهانگیر دەهقانی، سەدیق محەممەدی و سەید هادی حوسێنی لەرێكەوتی ١٣ی خەزەڵوەرەوە بەنیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بۆ راگواستنیان دەستیان داوەتە مانگرتن.

بەپێی دوایین زانیارییەكان دۆخی تەندروستی حامید ئەحمەدی و جەمشید دەهقانی زۆر نالەبارە.

لەلایەكی دیكەوە لەماوەی حەفتەی رابردوودا دوو زیندانی دیكەی عەقیدەتی بەناوەكانی فوئاد رەزازادە و موسلم ەریوانی دوای راگرتنیان بۆ ماوەی یەك مانگ لە ژووری تاكەكەسیدا بۆ گرتووخانەی رەجایی شاری كەرەج راگوێزران.

هەر لەو پێوەندییەدا و لەدرێژەی گوشار بۆ سەر زیندانیان، لەگرتووخانەی رەجایی شاری كەرەج بەدانانی دەزگای پارازیت زیندانیان باری تەندروستییان تێکچووە و بەو هۆیەوە شەش زیندانیی عەقیدەتی رەوانەی بێهداری ناو گرتووخانەكە كراون.

لەدرێژەدا: تاوتوێ‌كردنی دۆخی چوار برای دەستبەسەركراو لەگرتووخانەی ورمێ‌و بێدەنگی شكاندنی شایەتحاڵێك لەمەڕ پەروەندەی زانیار و لوقمان مورادی

لەماوەی حەفتەی رابردوودا حیفازەتی زیندانی ورمێ‌گوشاری خستۆتە سەر حەبیبوڵڵا ئەفشاری زیندانیی سیاسیی كوردی مەحكووم بەئێعدام و هەڕەشی لێكردووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە خوازیاری چارەسەریی پزیشكی و پێڕاگەیشتن بە دۆخی جەستەیی براكەی واتە عەلی ئەفشاری زیندانییەكی دیكەی مەحكووم بەسێدارە بووە.

حەبیبوڵڵا ئەفشاری و براكەی بەناوی عەلی ئەفشاری، خەڵكی ئاوایی گوێگجەلی سەر بەناوچەی ئاڵەشێن لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە تاوانی \"محاربە\" و ئەندامەتی لە حیزبێكی كوردیی دژبەری حكوومەت بە سێدارە مەحكوم كراون و لە مانگی بەفرانباری ساڵی پێشوودا بۆ زیندانی گشتیی ورمێ‌راگوێزران.

هەر لەو پێوەندیەیدا دوو برای دیكەشی بەناوەكانی جەعفەر و وەلی ئەفشاری بەتاوانی هەوڵدان بەدژی تەناهیی نەتەوەیی هەر كام بە ٥ ساڵ زیندان حوكم دراون.

له لایەکی ژن و مێردێكی خەڵكی مەریوان ئامادەیی خۆیان بۆ شایەتی دان لەمەڕ بێ تاوان بوونی \"زانیار و لوقمان مورادی\"، لە بەر دەم دادگا دەربڕیوە.

باوكی زانیار موردی زیندانیی كوردی مەحكووم بە سێدارە، رایگەیاندووە، \"دوابەدوای ئەوەی مەترسیی گیانی بۆ سەر زانیار و لوقمان رووی لە زیادبوون كرد، ژن و مێردێكی مەریوانی شایەتی ئەوە ئەدەن كە بكوژەكانی كوڕی ئیمام جومعەی مەریوانیان بینووە و زانیار و لوقمان هیچ پەیوەندییەكیان بە كوژرانی كوڕی ئیمام جومعەوە نییە\".

باوكی زانیار مورادی كە مامی \"لوقمان مورادی\" زیندانیی سیاسیە مەحكووم بە سێدارەیە، باسی لەوەش كرد، \" ئیمام جومعەی مەریوان بە باشی دەزانێ كە چ كسانێك كوڕەكەی ئەویان كوشتووە، بۆیە داوای لێ دەكەم ئەو سەداقەتەی هەبێت بە خەڵك بڵێت كە زانیار و لوقمان كوڕی ئەویان نەكوشتووە\".

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندەی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ١٧ زیندانیی سیاسیی ـ عەقیدەتی كورد لەگرتووخانەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، بەنیشانەی ناڕەزایەتیی بە دۆخی ناو زیندان و دۆسیەكانیان مانیان لەخواردن گرتووە.

\"16824.jpg\"


تاوتوێ‌كردنی حاڵەتەكانی دەستبەسەركرانی هاووڵاتیانی كورد لەحەفتەی چوارەمی مانگی خەزەڵوەردا:

رۆژی پێنج‌شەممە دوو كەس بەناوەكانی \"میكاییل دەربەندی و ئیدریس دەربەندی كە لە ناوچەی سەردەشت لەلایەن ‌هێزە نیزامییەكانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە ، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەك لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

دەگوترێت كە ئەو دوو هاووڵاتییە كوردەی خەڵكی گوندی \"جاشێران\"ی ناوچەی شنۆ لە نێو ماشێنەكەی خۆیاندا و بە گومانی هەڵگرتنی كەلوپەلی قاچاخ، لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە تەقەیان لێكراوە و دواتر دەستبەسەر كراون.

لەلایەكی دیكەوە رێكەوتی ١٧ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەكی دیكە بەناوی \" موراد ئیسماعیلی\" خەڵكی گەڕەكی \"پشت تەپ\"ی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراوە.

بە وتەی شایەتحاڵان، \"هێـزە نیزامییەكان بە بیانووی هەبوونی كەلوپەلی قاچاخ ویستوویانە ماڵی موراد ئیسماعیلی بپشكنن، بەڵام ناوبراو رێگری لە پشكنینی ماڵەكەی كردووە و لە ئەنجامدا شەڕ و تێكهەچوون لە نێوان هێزە نیزامییەكان و هاووڵاتییانی ئەو گەڕەكەدا رووی داوە\".

لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر كردنی هاووڵاتییانی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران هاووڵاتییەكی كورد بەناوی \"یونس مەعرووفی\" خەڵكی گوندی \"ئیندرقاش\"ی سەربە ناوچەی مەهاباد، لە ماڵەكەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كرا.

بەوتەی شایەتحاڵان هێزە ئیتلاعاتییەكان سەرەڕای پشكنینی ماڵی یونس مەعرووفی، ناوبراویشیان داوەتە بەر لێدان و بۆ شوێنێكی نادیاریان راگواستووە.

هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانی ئەو هاووڵاتییە كوردەیان، هاوكاری كردن لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە.

لەلایەكی دیكەوە رۆژی شەممە رێكەوتی ١٨ی خەزەڵوەر ٢ خوێندكاری كورد بەناوەكانی \" فەرهاد وەفادر\" و \" فایەق عەبدوڵڵاهی\" لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كران.

ئەم دوو خوێندكارە خەڵكی شاری بۆكان بوون كە لە زانكۆی ئازادی ورمێ لە رشتەی كامپیوتێردا سەرقاڵی خوێندن بوون و هێزە ئیتلاعاتییەكان سەرەڕای دەستبەسەر كردنی ئەو دوو خوێندكارە، دەستیان بەسەر كەلوپەلی شەخسیی و لاپتۆپی ئەو دوو کەسەشدا گرتووە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٥٨ هاووڵاتیی كورد لەناوچە كوردنشینەكانی ئێران دەستبەسەر كراون.

تاوتوێ‌كردنی حاڵەتەكانی دەركردنی حوكم بۆ رۆژنامەنووسان و زیندانیانی كورد لەماوەی حەفتەی رابردوودا:

مەسعوود و خوسرەو كوردپوور و دوو برای رۆژنامەنووسی كوردی خەڵكی مەهاباد لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە سەرجەم ٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیرییان بۆ بڕایەوە.

ئەو دوو چالاكە كوردە پاش ٨ مانگ راگیران لە زیندان و سێ جار دادگایی كران بە سەرۆكایەتیی دادوەر جەوادی كیا، ئەو حوكمەیان بۆ بڕاوەتەوە.

خوسرەو كوردپوور بە تۆمەتی \" كۆبوونەوە و هاودەستی كردن بەدژی نیزام\" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ \"چالاكی تەبلیغی\" بە ١ ساڵ زیندانییی تەعزیری و سەرجەم بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحكووم كراوە.

مەسعوود كوردپووریش لەپەیوەندی لەگەڵ \"كۆبوونەوە و هاودەستی كردن بەدژی نیزام\" بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری و لە پەیوەندی لەگەڵ \"چالاكی تەبلیغی\" ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری و سەرجەم حوكمی مەسعوود كوردپووری ٣ ساڵ و نیو زیندانیی تەعزیری، راگەیاندووە.

هەروەها بەپێی ئەو حوكمەی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، خوسرەو كوردپوور بەرپرسی ئاژانسی موكریان دەبێ بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ شاری كرمان دوور بخرێتەوە و بەهۆی پاراستنی باری ئەمنیی، دەبێ ماوەی ٥ ساڵ لە حوكمەكەی لە زیندانی تەورێز تێپەڕ بكات.

لەلایەكی دیكەوە ژمارەیەك رۆژنامەنووسی دیكەی كورد بەناوەكانی ئێحسان نیك پەی، موحسین چراغی و شاهۆ ئەحمەدی هەر كام بە كێشانی شەش مانگ زیندانی تەعزیری و رەحمەتوڵڵا چراغی، عەلی یوونێسی و سەجاد قەیسەری هەر كام بە شەش مانگ زیندانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی دوو ساڵ حوكم دراون.

لەدرێژەدا: پشتڕاست كردنەوەی حوكمی ئێعدامی زیندانییەكی كورد لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە

لەماوەی حەفتەی رابردوودا، زیندانییەكی كورد بەناوی ئیدریس فوولادی تەمەن ٢٧ ساڵ حوكمی ئێعدامەكەی لەلایەن دیوانی وڵاتەوە پشتڕاست كراوەتەوە.

پاش ئەوەی حوكمی لەسێدارەدانی ئیدریس لە دیوانی باڵای پشتڕاست كرایەوە و ئەو حوكمەی پێ راگەیاندراوە، تووشی سەكتەی دڵ بووە و لە نەخۆشخانەی ورمێ و لە بەشی \"ئای سی یوو\" لەژێر چاوەدێری پزیشكی دایە.

ئەو هاووڵاتییە مانگی رەشەممەی ساڵی ٩٠ هاوڕێ لەگەڵ دوو كەسی دیكە بەناوەكانی \"عەبدولعەزیز فوولادی و رەحمان فوولادی\" لە گوندی \"كانی رەش\"ی ناوچەی \"سۆما برادۆست\"ی ورمێ دەستبەسەر كرا.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٥١ حاڵەتی حوكمی زیندانی تەعزیری و هەڵپەسێردراو بۆ زیندانیان كورد بڕِاوەتەوە.

\"16825.jpg\"


تاوتوێ‌كردنی شەپۆلی نوێی بانگهێشتی چالاكانی كورد بۆ ئیدارەی ئیتلاعات:

لە رۆژانی رابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵكی شاری \"نوورئاباد\"ی لوڕستان بەناوەكانی محەممەد سەتاری و كەریم سەتاری بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە كراون و لێپرسینەوەیان لێكراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ماوەی ١ حەفتەی رابردوودا ٦٩ كەسی دیكە لە بنەماڵەی چالاكانی سیاسیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات بانگهێشتی ئیتلاعاتی لوڕستان كراون و بەرەوڕووی لێكۆڵینەوەی مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بوونەتەوە.
سەرجەم ئەو كەسانە پەروەندەیان بۆ دروست كراوە و ئەگەری ئەوە دەكرێ بەرەوڕووی دادگا ببنەوە.

لەلایەكی دیكەوە رێكەوتی ١٩ی خەزەڵوەر، \" كیومەرس ئەمیری كەلەجوویی\" شاعیر و نووسەری كوردی خەڵكی كرماشان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی كرماشان كرا.

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا رەوتی فشاری وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر بنەماڵەی چالاكانی سیاسیی كورد رووی لەزیاد بوون كردووە و چەند رۆژ پێش ئێستا كەژاڵ هوژەبری هاوسەری یەكێك لە چالاكانی سیاسیی كوردی خەڵكی شاری مەریوان و نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، پاش دەستبەسەر كران، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٢١ چالاكی كورد بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و دادگا بانگهێشت كراون.

\"16826.jpg\"


لە حەفتەی رابردوودا ٤٠ حاڵەت پێشێلكاریی مافی مرۆڤ لەلایەن ناوەندە حكوومەتییەكانی ئێرانەوە تۆمار كراوە:

ئیدارەی ئیتلاعات، رێكخراوی زیندانەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێزە ئینتزامییەكان و دەزگای قەزایی، ئەو ناوەندە حكوومەتییانە بوون كە دەستیان لە ٤٠حاڵەت پێشێلكردنی مافی هاووڵاتییاندا هەبووە.

\"16827.jpg\"


سەرچاوەكان:
ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا ( ٩ حاڵەت)
كەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسیی و مەدەنیی (١حاڵەت)
ماڵپەڕی كوردستان میدیا(١ حاڵەت)
هەواڵدەریی هێرانا ( ٤ حاڵەت)

\"16828.jpg\"