روانسەر/ ئێعدام کردنی هاووڵاتییەکی تەمەن ١٨ ساڵ پاش ٦ ساڵ زیندانی

22:11 - 29 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری روانسەر، پاش ٦ ساڵ مانەوە لە زیندان، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان ئێعدام کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژ \"ئارمان محەممەدی\" کوڕی ئەنوەر و خەڵکی شاری روانسەر بە تاوانی ئەنجام دانی قەتڵ لە زیندانی \"دیزڵ ئاباد\"ی کرماشان لە سێدارە درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە، ئارمان لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا \"تەمەنی ١٢ ساڵ بووە و دواتر لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتی بەشداری کردن لە کوشتنی هاووڵاتییەک حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەوە کە پاش ٦ ساڵ راگیران لە زیندان و گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵی ئەو حوکمە جێبەجێ کرا.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە ئێعدام کراوە چەندین جار داوای لێخۆشبوونیان بۆ رۆڵەکەیان کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوە کە تەمەنیشی کەم بووە، حوکمی ئێعدامەکەی جێبەجێ کراوە.

دەگوترێت کە ٢ کەسی دیکەش هاوکات لەگەڵ ئارمان محەممەدەی بەتۆمەتی بەشداری کردن لە قەتڵدا دەستبەسەر کران کە ئەو ٢ کەسەش لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کراون.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ١ مانگی رابردوودا ١٧ هاووڵاتیی ئێرانی بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئێعدام کراون، کە حوکمی ئێعدامی ٤ کەسیان لەبەر چاوی خەڵک بەرێوە چووە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سرنجدان بە رەوتی ئێعدام کردنی نهێنیی هاوولاتییان لە زیندانی کانی ئێراندا، دەکرێ ئاماری راستەقینەی ئێعدام لەو رێژەیەش زیاتر بێت.