راپۆرتی ئاماریی ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە کوژرانی هاووڵاتییانی مەدەنی

21:39 - 3 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: ئەم راپۆرتە ئامارییە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە و ئاماری ئەو کەسانەی لە خۆ گرتووە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە جادەی نێوان شارە کوردنشینەکانی ئێران بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان بوونەتە قوربانی.

لە بەشێک لەو راپۆرتەدا ئاماژە بە لێدان و ئەشکەنجەی هاووڵاتییان لەلایەن هیزە نیزامییەکان، تەقە لە نێو گوندکان و شوێنی نیشتەجێ بوونی هاووڵاتییان لە ناوچە سنوورییەکان و هەروەها کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی کوردی \"عێراق\" و \"تورکیە\" بە دەستی ئەو هێزانە کراوە.

ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماریی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەپشت بەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و ناسنامەی قوربانیان تۆمار کراون و ئەم ئامارە تەنیا لە رووی ژمارە و رێژییەوە بڵاو دەکرێتەوە.

خشتەی ژمارە (١)
ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە (١٣٩١) هەتا ئێستا دەخاتە روو
\"11212.jpg\"


نمووداری (١)
ژمارەی کەسانی کوژراو و بریندار
\"11213.jpg\"


خشتەی ژمارە (١)، رێژەی کوژراوەکان بە ٣٧ کەسەوە کە زۆرترین رێژەی ئاماری کوژراوەکانی بە نیسبەت کەسانی برینداری بە ٢٤ کەسەوە لە خۆ گرتووە، دەخاتەڕوو.

لەو پەیوەندییەدا خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە هێزە نیزامییەکان تەنیا بە مەبەستی کوشتن، تەقەیان لە هاووڵاتیان کردووە.

خشتەی (٢)
هۆکار و چۆنیەتی کوژراو و بریندار بوونی هاووڵاتییان دیاری دەکات
\"11214.jpg\"


خشتەی ژمارە (٢) ئاماژە بەوە دەکات کە رێژەی ئەو کەسانەی کە لە نێوان جادەکان تەقەیان لێکراوە بە ٣٣ حاڵەتەوە زۆرترین رێژەی ئەو ئامارەی لە خۆ گرتووە.

لەو پەیوەندییەدا ١٩ حاڵەتی مردنی هاووڵاتیانی بەدواوە بووە و لەلایەکی دیکەوە ٣ حاڵەت لەو تەقە کردنانە ئاگر گرتنی ماشێن و سووتانی شۆفیرەکانی لێ کەوتۆتەوە.

هەروەها هێزە نیزامییەکان لە ناوچەکانی دیکەش هاووڵاتیانیان بەگومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ داوەتە بەر دەستڕێژ کە ٨ حاڵەت لە کوژراو و بریندارەکانی ئەم ئامارەی لە خۆ گرتووە.

تەقە کردن لەو هاووڵاتیانە تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ بووە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کوژرانی هاوولاتیانی بەدواوە بووە.

رێژەیەک لەو ئامارە کوژراو و بریندار بوونی هاووڵاتیان لە دەوروبەر و قەراغ گوند و شارەکانی لە خۆ گرتووە کە ئەم حاڵەتانە لە ئەنجامی ئەشکەنجە و لێدانی هاووڵاتیان بە دەستی هێزە نیزامییەکان بووە.

خاڵێکی دیکەی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە لە چەندین حاڵەتدا هێزە نیزامییەکان بە بەزاندنی سنوور دەستیان داوەتە کوشتن و بریندار کردنی هاووڵاتیانی کوردی دانیشتووی کوردستانی تورکیە و هەرێمی کوردستان.
خشتەی ژمارە (٣)
رەگەزی کوژراو و بریندارەکان نیشان ئەدات
\"11211.jpg\"


خشتەی ژمارە (٣) دیاری دەکات کە تەنیا ٣ کەس لەو کوژراوانە ژن بوون کە سەرجەمیان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە نێوان جادەی شارەکاندا بوونەتە قوربانی، هەروەها بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا یەکێک لەو ژنانە دوو گیان بووە.
نمووداری (١)
ئاماری قوربانییان بەپێی مانگ
\"11210.jpg\"

خشتەی (٤)
رێژەی کوژراو و بریندارەکان بەپێی مانگەکان
\"11209.jpg\"


بەپێی خشتەی ژمارە (٤) مانگەکانی رێبەندان، گەلاوێژ، بانەمەڕ و پووشپەڕ بەبەراورد لەگەڵ مانگەکانی دیکە زۆرترین رێژەی کوژراوەکانیان لە خۆ گرتووە.
کەمی و زۆری ئەم ئامارە بەپێی مانگەکان لە هەڵکشان و داکشاندا بووە، بەم هۆیەوە ناکرێ پێشبینی کەمبوون یان زۆربونی ئەم حاڵەتانە بکرێت.
نموداری (٢)
ژمارەی قوربانیان بەپێی پارێزگاکان
\"11208.jpg\"


خشتەی ژمارە (٥)
رێژەی کوژراو و بریندارەکان بە پێی پارێزگاکان
لەم خشتەیەدا ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی کوردی تورکیە و هەرێمی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوژراو و بریندار بوون.
\"11207.jpg\"


خشتەی ژمارە (٥) ئازەربایجانی رۆژئاوا بە ٤١%ـەوە نیشان ئەدات کە زۆرترین رێژەی کوژراوانی لە خۆ گرتووە و پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان پلەی \"یەکەم و دووەم\"یان هەیە.

ئەم ئامارە بەپشت بەستن بە هەواڵ و زانیاری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە بەهۆی ئەمنیەتی بوون و هەڵوومەرجی تایبەتیی کوردستان و نەبوونی مێدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵ و رووداوەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تەنیا بە ئاماژە کردن و هێنانی ناوی سەرچاوە \"ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا\" رێگە پێدراوە.