راپۆرت/‌ژینگەی کوردستان قوربانیی دەستی بەڕێوەبەرییەکی نەشیاو + وێنــە

16:14 - 14 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ژینگەی کوردستان بووەتە قوربانیی دەستی بەڕێوەبەرێکی نەشیاوی ناوەندە حکوومەتیەکانی ئێران و روانینی بەرچاو تەنگانەی فەرمانگەکان.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە لەناوەندە فەرمییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە، گۆلی ورمێ‌لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و چۆمی گاماسیاب و سەراوی نیلووفەر لەئوستانی کرماشان لەدۆخێکی قەیراناوی دان و کەڵک وەرگرتنی خراپ و نابەجێ لە پۆستە ئیدارەییەکاندا، رۆڵێکی سەرەکیان لەو قەیرانە و تێکدانی ژینگەی ناوچەکەدا هەیە.

گولی ورمێ‌:

\"15838.jpg\"
هەواڵدەریی \"تسنیم\" راپۆرتێکی لەژێر ناوی \" گۆلی ورمێ‌نموونەی هەرە بەرچاوی سێ‌دەیە کەمتەرخەمیی بەڕێوەبەریی سەرچاوە ئاوییەکان\" بڵاو کردۆتەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆکە لەئەنجامی روانینی بەرچاو تەنگانە بەپرسی ژینگە، بیستەمین زەریاچەی جیهان لەبواری گەورەیی و بەر فراوانی، بۆتە دەشتێکی وێرانە.

چوار ساڵ پێش ئێستا ئەو گۆلە زیاتر لە ٥٨٠٠ کیلۆمیتری چوار گۆشە رووبەری هەبوو، بەڵام ئەمڕۆکە رەنگی شینی ئاوەکەی گۆڕدراوە بە زەرد و گرتە ڤیدیۆییەکان تەنیا دەشتێکی پڕ لە خوێ‌و ویشک نیشان دەدەن.

سەرچاوەکە وێڕای رەخنەی تووندی لە رێکخراوی ژینگەپارێزی وەکوو ناوەندێکی چاوەدێری، لەو باوەڕەشدابووە، ژینگەی ئێران و کوردستان بووەتە \"دیلی سیاسەت\".

پەرەگرتنی کەرتە پیشەیی و وەرزێڕییەکان لەئوستانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات وەکوو یەکێک لە بەرکارهێنەرە سەرەکییەکانی گۆلی ورمێ‌وای کردووە کە پشکی لەسەدا١٥‌ی دابین کردنی ئاوی گۆلی ورمێ‌وەبەر ئەو ئوستانە بکەوێت.

\"15837.jpg\"
لە بەرامبەردا پشکی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواو و کوردستان بەرێژەی ٥٣% و ٣٢%‌ ئاوی ئەو گۆلە دابین دەکەن.

دەگوترێت مودیرییەتی بەشێک لە بەنداوەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەئەستۆی ئیداراتی دەوڵەتی سەر بە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژهەڵاتن.

هەنووکە تەنیا زیندەوەرێک کە لە زەریاچەی ورمێدا ماوەتەوە \"ئارتیما\"‌یە و ئەو زیندەوەرش لەگەڵ لەناوچوون بەرەوڕوویە و شوێنی بەخێوکردنی ئارتیما تەنیا لە تاقیگەی زانکۆکانی ورمێ‌‌یە.

چۆمی گاماسیاب:

\"15840.jpg\"
بارودۆخی ژینگەیی چۆمی گاماسیاب کە بە شادەماری ئاوەکانی کرماشان ناسراوە بە رادەیەک قەیراناوییە کە بەرپرسی گشتیی پاراستی ژینگەی ئوستانی کرماشان نەیتوانیوە حاشای لێ‌بکات.

ئەو لێپرسراوە لەوتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی مێهردا، وەرزێرانی بە هۆکاری گۆڕانی ژینگە لەناوچەکەدا لەقەڵەم داوە و رایگەیاندووە: نابێ چیدیکە بەرهەمانەی وەکوو \"گەرمە شامی\" کە پێویستی بە ئاوی زۆر هەیە، بچێندرێت.

توورەج هێمەتی، بەرپرسانی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ناوچەکەی داوەتە بەر رەخنە و وتوویەتی، ئەو ناوەندە هەوڵەکانی بە مەبەستی بەربەرەکانی لەگەڵ وەرزێران وەگەڕ نەخستووە و ئیزنیان بە وەرزێڕان داوە لەئاوی گاماسیاب کەڵک وەربگرن.

\"15839.jpg\"
دەوترێت بێجگە لەوەێ‌کە نەبوونی بەڕێوەبەری رۆڵی لە خراپ بوونی ژینگەدا هەیە، رێکخراوەکانی پاراستنی ژینگەش لەبواری رۆشەنگەری و رێکلام کردن و ئاگادار کردنەوەوی هاووڵاتیان لەخەسارە ژینگەییەکاندا، چالاک نەبوونە.

هەر وەکوو لە وێنەکەدا دیار و بەرچاوە زیندەوەران بەتایبەت رەقە و ماسییەکانی چۆمی گاماسیاب بوونەتە خۆراکی زیندەوەرەکانی دیکە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستۆتە روو، ئیدارەی ژێنگە پارێزی ئوستانی کرماشان لەو ساڵانەی دواییدا تەنیا کاری بۆتە ئەرشیڤ کردنی هەواڵی ویشک بوونی چۆم و تێکچوونی ژینگە و سەرجەم ئەوانەش بۆ وشکە ساڵی دەگێڕێتەوە.

سەراوی نیلووفەر:

\"15841.jpg\"
زەریاچەی سەراوی نیلووفەر لەنزیک کرماشان هەڵکەوتووە و ئەوێش وەکوو شوێنەکانی دیکە لەدۆخێکی قەیراناوی دایە و بەرپرسانی ئەو قەیرانەیان بۆ هۆکاری مرۆیی گەڕاندۆتەوە.

دۆخی ئەو زەریاچەیە بە رادەیەک خراپە کە بەرپراسان دڵیان بە بارینی باران لە وەرزی پاییزدا خۆش کردووە.

ئەو دۆخە قەیراناوییەی سەراوی نیلووفەر کە بە شوێنێکی گەشتیاری دێتە ئەژمار، لەحاڵێکدایە کە ئیدارەی میرات فەرهەنگی لەئاوی ئەو سەراوە بۆ ئاودێریی چیمەنی حەوشەکەی کەڵک وەردەگرێت.

\"15842.jpg\"
وەرزێڕان بە هۆکاری سەرەکیی خراپیی باری ژینگەی گاماسیاب و سەراوی نیلووفەر لەقەڵەم دراون و بەرپرسانی حکوومەتی پێێان وایە، وەرزێڕان سەرچاوە ئاوییەکانی ژێر زەویی ئەوناوچەیان کەم کردۆتەوە.

ئوستانی کرماشان بە بوونی ٨٠ کانیاو، زلکاو و سەرچاوەی ئاوی، بە ناوەندێکی پڕ ئاو لەئێران ئەژمار دەکرێت.

بەپێی ئامارە فەرمیەکان، ١٢٠٠ جۆری گوڵ و گیا و ٢٩٠ جۆری زیندەوار لەئوستانی کرماشان بوونیان هەیە و زلکاوی \" هەشیلان\" بە شوێنێکی نێودەوڵەتیی بۆ نیشتنەوەی باڵندە کۆچەرییەکان ناو دەبردرێت.

تێڕوانین بۆ سەر ژینگەی ئێران:

کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ راگەیەنەکان دەوڵەتی بڵاویان کردەوە، لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠٨ هەتا ٢٠١٢ دۆخی ژینگەی ئێران لەخشتە جیهانییەکاندا لەچاو ١٣٢ وڵات پلەی ١١٤ـەمینی بۆ خراپی هەبووە.

بە وتەی چالاکانی ژینگە پارێزی، رێکخراوی پاراستنی ژینگە بەر لەوەێ‌‌ کە ئەرکەی دیاری کراوەکانی خۆی ئەنجامی بدات، بووەتە هۆکارێک بۆ تێکدانی ژینگە و ئەرکی لێپرسینەوە و لێبڕاوانەی خۆی لە سەرپێچیکاران، لەپێناو پێوەندیی دۆستانەدا، لەبیر کردووە.