راپۆرت/‌دوایین ئاماری تووشبوان بە ویرووسی HIV لەکرماشان

14:44 - 15 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوایین ئاماری تووشبوان بە نەخۆشی ئایدز کە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، باس لەدۆخێکی ناڵەبار و چوونەسەرەوەی رێژەی تووشبوان بەو ویرووسە لەئوستانی کرماشاندا دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و ئەو ئامارانەی کە لەلایەن بەرپرسانی ئوستانی کرماشانەوە بڵاو کراونەتەوە، لەو ئوستانەدا سێ هەزار و ٣٠٠ کەسی تووشبوو بە نەخۆشی HIVبوونی هەیە و نێوەنجی تەمەنی تووشبوان ٢٠ هەتا ٣٧ ساڵ راگەیەندراوە.

بەپێی ئەو ئامارە، ١٣.٧٥%‌ی تووشبوان بە ویرووسی ئیدز لەوڵاتی ئێران، لە ئوستانی کرماشاندا دەژین.

ئەو ئامارە لەحاڵێکدا بڵاو کراوەتەوە کە هەتا ئێستا ئیزن بە هیچ دەزگایەکی راگەیاندن یان ناوەندێکی توێژینەوەیی و کۆمەڵایەتی نەدراوە لەو پێوەندییەدا لێکۆلینەوە بکەن و ئاماری راستەقینە بڵاو بکەنەوە.

چالاکانی کۆمەڵایەتیی لەو باوەڕەدان، ئەو ئامارە راگەیەندراوە نیشانەی واقیعیەتی کۆمەڵگە نیە، چونکە زۆرن ئەو ژن و پیاوانەی کە تووشی ویرووسی ئایدز بوون و لەترسی بەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکان نایدرکێنن و ئامادە نین تێست بدەن.

چوونە سەری رێژەی تووشبوان بەئایدز لەئوستانی کرماشان

\"15857.jpg\"
کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٠‌ی هەتاوی بەرپرسی نەخۆشییە \"پەتا\"ییەکان (واگیر) لەئوستانی کرماشان لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی \"ئیسنا\" رایگەیاندبوو: لەو ئوستانەدا ٣ هەزار کەس تووشی ویرووسیHIV بوون کە ٩١%یان پیاوان و ٩%ی دیکەشیان لە ژنان پێکهاتوون.

دکتور حوسێن بیگلەری باسی لەوەش کردبوو، زۆربەی تووشبوان بە ویرووسی HIV تەمەنیان لە نێوان ٢٥ هەتا ٣٥ ساڵ دایە و ئەوەشی خستبۆوە روو، لە سەدا ٦٠ی تووشبوان لە رێگای ئیعتیاد و تەزریق و ١٩%یان لە رێگای پێوەندیی جینسی و خۆ نەپاراستنەوە تووشی ئەو ویرووسە بوونە.

لەو پێوەندییەدا لەماوەی زیاتر لەیەک ساڵدا، ٣٠٠ کەس بە رێژەی تووشبوان بەو ویرووسە ماڵوێرانکەرە لەئوستانی کرماشاندا زیاد بووە.

لەلایەکی دیکەوە جێگری تەندروستیی زانستگای زانستی پزیشکیی پارێزگای \"کوردستان\"‌یش رێژەی تووشبوان بە ویرووسی HIV لەو پارێزگایە زیاتر لە ٤٤٠ کەس راگەیاندبوو.

رێژەی تووشبوان بە HIVلەئێران

\"15855.jpg\"
لەئێران پارێزگاکانی مازەندەران، کرماشان، فارس، خوراسانی رەزەوی، ئیسفەهان، هورموزگان و تاران زۆرترین رێژەی تووشبوون بە ویروسی ئایدزیان لە خۆ گرتووە.

هەر چەندە حکوومەتی ئێران و هێندێ‌لەناوەندەکانی تەندروستی لە ئامارە فەرمییەکاندا باس لەوە دەکەن کە کەمتر لە ٢٤ هەزار کەسی تووشبوو بە ئایدز لە ئێران هەیە، بەڵام کارناسان پێێان وایە کە ئەو ئامارە لەو رێژەیە یەکجار زیاترە.

دکتور \"مینوو موحەرێز\" لێپرسراوی ناوەندی توێژینەوەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لەلێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی ئیرنا ئاشکرای کردبوو، هەنووکە ١٠٠ هەتا ١٢٠ هەزار کەسی تووشبوو بە ویرووسی \"HIV\" لەوڵاتی ئێران بوونیان هەیە.

لە ئێران زیاتر لە سەدا١٠ی تووشبوان بە ئایدز لە رێگای جنسییەوە گیرۆدە دەبن و هەروەها لەسەدا ٤٦ی تووشبوان تەمەنیان لە نێوان ٢٥ هەتا ٣٤ ساڵ دایە.

تێڕوانینی حکوومەتی ئێران بۆ مەسەلەی ئایدز

\"15856.jpg\"
بەشێک لەهاووڵاتیان و توێژەرانی ئەو بوارە، بە بەردەوامی رەخنەیان لەسیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران گرتووە و لەو باوەڕەدان کە ناوەندە پێوەندیدارەکان هەوڵێکی ئەوتۆیان بۆ پرسی ئایدز لەئێراندا نەداوە.

لە کاتی دەسەڵاتدارییەتی مەحموود ئەحمەدی نەژاد وەک سەرکۆماری ئێران، شۆرای ئینقلابی فەرهەنگیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بێ‌راوێژ لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی سڕینەوەی رۆژی جیهانیی ئایدزیان لە رۆژژمێری فەرمیی وڵات پەسند کرد و دواتریش ئەم بڕیارە لەلایەن سەرکۆماریشەوە تەئید کرا.

رێکەوتی ٢٤ی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٨ گەڵاڵەی لابردنی ئایدز لە رۆژ ژمێری ئێراندا بە واژۆی مەحموود ئەحمەدی نەژاد پەسند کرا و چووە بواری جێبەجێ‌کردنەوە.

پسپۆڕانی بواری نەخۆشی ئایدز رایان وابوو، لابردنی رۆژی ئایدز لە رۆژژمێردا وا دەکات کە هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێ‌یادی ئەو رۆژە بکاتەوە و خەڵکی لەمەترسییەکانی ئەو نەخۆشییە ئاگادار ببنەوە.

رێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی، بە پێشنیاری وەرزارەتی تەندروستی رۆژی ١٠ی سەرماوەز (1ی دێسامبری ساڵی زایینی) وەک رۆژی جیهانیی ئایدز دیاری کرا و لە ساڵی ١٣٨٤ەوە وەک رۆژێکی فەرمی لە رۆژژمێری ئێراندا گونجێنرا و دواتر ساڵی ١٣٨٨ لابردرا.